کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە کەڵئاژۆگرتن لە دۆخی ئابووریی کوردستان پەرە بە لۆمپەنیزم دەدات

11:09 - 7 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاخوندیی تاران بۆ مانەوەی و درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی لە هەموو شێوازێکی نەشیاو کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیم، لە چەندین شاری کوردستان بۆ تۆقاندنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان، دامەزراندنی کەسانی چەقۆکیش و شەڕانی دەست پێ کردووە.

ئەم ڕێژیمە کە هەر لە بنەڕەتەوە بە تاکتیکی تۆقاندنی خەڵک دەسەڵاتەکەی خۆی سەپاندووە، لە هەموو شوێنێکی ئێران، زیاتر لە خەڵکی کوردستان ترساوە و بۆ ئەو مەبەستە لە هیچ کارێکی دژەگەلییانە سڵی نەکردووە.

کوردستان هەمیشە لە ڕوانگەی ئازادیخوازانی ئێرانەوە وەکوو مەکۆ و سەنگەری ئازادی و لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئاخوندیش وەکوو مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سەیری کراوە و هەر ئەم ڕوانگە ترسنۆکانەی ڕێژیم وای کردووە، کە بەردەوام کوردستان لە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو ڕێژیم بێت، کە پەرەپێدان بە ڕەوتی لۆمپەنیزمی حکوومەتی لە کوردستان یەکێک دیکە لە بەرهەمەکانی ترس و دڵەڕاوکێی ڕێژیم لە کوردستانە.

 ئەم ڕەوتە کە لە پێناسە ڕۆژئاواییەکەیدا بە لۆمپەنیزمی حکوومەتی ناسێندراوە، پێشتریش لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی بە بەکارهێنانی کەسانێک وەکوو "شەعبان بێ مێشک"، لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی سەر شەقام تاقی کراوتەوە و خەڵکی ناڕزازییان پێی ترساندووە.

ڕاسان کە لە نەورۆزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاخەکانی کوردستان لە لایەن سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وەکوو خەباتی شار و شاخ ڕاگەیەندرا، یەکێک لە مەترسییەکانە بۆ سەر بەرژەوەندیی ڕێژیم و لەو کاتەوە کە بە شێوەیەکی چالاکانە لە لایەن حدکاوە کاری بۆ کراوە و خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو بە هانای ئەم خەباتەوە هاتوون، ڕێژیمیش بەردەوام بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم بزاڤە گشتییە هەوڵەکانی خۆی وەگەڕ خستووە، کە دەکرێت پەرەپێدان بە لۆمپەنیزمی حکوومەتی وەکوو یەکێک لەو هەوڵانەی ئاماژەی پێ بکرێت.