کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی تیرۆریزم

18:04 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی تێرۆریزم تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بە سازکردنی ناوەندێکی نوێ بۆ بازرگانی نایاسایی خەڵووزی دار بۆ گرووپی تیرۆریستی ئەلشەباب تاوانبار کرد.

لە ڕاپۆرتێکی چاودێرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت لەسەر کاروباری گەمارۆکان  چالاکی دەکەن ڕایانگەیاندووە، کە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە، ئێران بووەتە ناوەندی ڕاگواستنی نایاسایی خەڵووزی دار، کە داهاتە میلیۆن دۆلارییەکەی دەگاتە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکانی سۆمالی.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە  گروپە تیرۆرستییە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک گروپی ئەلشەباب ساڵانە لەم ڕێگەیەوە بە میلیۆنان دۆلار قازانج دەکات.

ئەلشەباب گروپێکی ئیسلامی توندەڕەوی تیرۆریستی سەر بە ئەلقاعیدەیە، کە لە وڵاتی سۆمالیدا کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی ئەنجام دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی چاودێرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران ئەم خەڵووزانە بە شێوەی بەستەبەندی و بە لێدانی بەرچەسپی "دروستکراوی ئێران" لەلایەن کەسانێکەوە کە ناسنامەی ساختەیان هەیە هەناردەی سۆمالی دەکات؛ بەراورد دەکرێت کە ساڵانە ٣ میلیۆن کیسەی خەڵووز هەناردەی ئەم وڵاتە بکرێت.

شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٢دا هەناردەکردنی خەڵووزیان بۆ سۆمالی قەدەغە کرد، تاکوو ڕێگە لە داهاتی  گرووپی ئەلشەباب بگرن.

ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بە پشتیوانی ماڵی گرووپە تیرۆریستییەکان تۆمەتبار دەکرێت؛ پێشتریش ئەم ڕێژیمە بە هەناردەکردنی چەک بۆ حووسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان و پشتیوانی کردنی ماڵی لەم گروپە تیرۆریستییانە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبار کرابوو.

ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی درێژەدان بە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا و زیاترکردنی دەسەڵات و هێژمۆنی خۆی، بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی لە تیرۆریزم، ئەمە سیاسەتێکە کە هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە گرینگی پێداوە، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی ئێرانی پشتگوێ خستووە و داهاتە نیشتمانییەکانی گەلانی ئێرانی لە ڕێگای تیرۆریزمدا سەرف کردووە و هەژاری و دۆخی نەشیاو بۆ ژیانی بۆ هاووڵاتییانی ئێران بەدیاری هێناوە.