کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، بەرهەمهێنەری ئێسترێس

17:16 - 2 جۆزەردان 2719

بێهزاد قادری

وێڕای ناوبانگییە خراپەکەیەوە، ئێسترێس تەنیا بەرهەمی شتە نەرێنییەکان نییە! ئێسترێس، وەڵامێکە لە لەشی ئێوەوە بۆ ئەو گۆڕانانەی کە لە ژیانتاندا ڕوو دەدات. هەروەها شتانی "باش" دەتوانن ببنە هۆی ئێسترێسەوە، بە جۆرێک کە شتانی "خراپ"یش ئێسترێس دەخوڵقێنن. وەرگرتنی پیشەیەکی نوێ یان لەدایکبوونی منداڵ لە بنەماڵەدا دەتوانێت ئێسترێس دروست‌ بکات، لەو ڕادەیەی کە مەرگی کەسێک کە خۆشمان دەوێت، ئێسترێسمان پێ دەدات یان ئێسترێسێک کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکردنمان لەو شوێنەی کە تێیدا سەرقاڵی کارکردنین.

تەکنیکەکانی کەمکردنەوەی ئێسترێس سادەن، وەکوو: هەناسەکێشانی قووڵ و هێورکردنەوە یان وەرزین. ئەم تەکنیکانە ڕەنگە ببنە هۆی کەمکردنەوەی ئەم نیشانانە، بەڵام ئایا ئەم تەکنیکانە تواناییان هەیە لە بەرامبەری ئەو ئێسترێسانەی کە ڕێژیمی ئێران بە خەڵکی دەدەن بەرەنگاری بکەن؟! لە درێژەدا، ئەم باسە شی دەکەینەوە. بەڵام سەرەتا پێویستە دە نیشانەی ئاگادارکەرەوە لە ئێسترێس، بناسین:

۱- ماندووبوونێک کە دەغڵ دەکاتە نێو چالاکییەکانی ڕۆژانەمان.

۲- بێخەوی یان سەرلێشێواوی، کە ئاکامی لیستێک لە نیگەرانییەکانن.

۳- هڵزرنگان یان میجازێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵوێستێکی نەشیاوەوە.

٤- دڵەڕاوکێیەک کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی کە لە داهاتوودا ڕوو دەدەن.

٥- خەمۆکییەک کە دەستی بەسەر تواناییەکانتاندا گرتووە و بووەتە هۆی لاوازی ڕۆحتانەوە.

٦-  نەبوونی هەستۆکێکی وریا، کە توانای ئێوە بۆ ئەنجامی کارە ئاشناکانتان، ئەستەم دەکاتەوە.

۷- کێشە جەستەییەکان، وەکوو: سەرئێشە، ئێشی کەمەر، ئێشی قەبەزە، قەبزی یان تەقەفێڕکە، یان گۆڕانی بژۆک.

۸- تووڕەیی و کێشە لە کونتڕۆڵی میجازەکانی خۆ.

۹- چوونەدەرەوە لە کۆی هاوڕێیان و چالاکیگەلێک کە جارێک زەوقیان پێ بەخشیویت.

۱۰- هەستی سەرنقۆتبوون یان لەدەستدانی کونترۆڵ.

ئەگەر ڕێژەیەک لەم نیشانە ئاگادارکەرەوەتان ئەزموون کردووە یان ناتوانن باڵانسی خۆتان بپارێزن، ڕەنگە پێویستتان بە ناسین و وەستانەوە لە بەرامبەری نیشانە ئێسترێسزاکان لە ژیانتاندا هەبێت.

ئێستا ئەگەر لە "ئێرانـ"دایت، پێویستە سەیرێکی خۆتان و دەوروبەرتان بکەن، سەیری ژیانتان و هەموو ئەو شتانەی بکەن کە لەسەر ژیانتان کاریگەرییان هەیە. دوابەدوای ئەوانە، سەرنجێک بەم خاڵانە بدەن کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ داون. چەند دانە لەم نیشانانە لە خۆتاندا دەبینن؟! ئایا دەزانن هۆکارەکانی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە چین؟! بەڕاستی ئایا دەتوانن بەرنگاری لەم هۆکارانە بکەن یان تەنیا ئەم کێشانە بە چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی بە ئەنجام دەگات؟!

ئێستا پێویستە سەفەرێکی زەینیم بۆ ئێران هەبێت و وەها فەرز بکەم کە لە "ئێرانـ"دام. کرێکارێکی بیناسازیم یان شۆفیری تەکسی، یان مامۆستایەکی قوتابخانە، یان هەر کام لەو پیشانەی کە زەحمەتیان زۆرە و ماندووت دەکەن و لە بەرامبەردا، داهاتێکی بەرچاوم نییە. ماندوو لە کاری ڕۆژانە دەڕۆمەوە بۆ ماڵ و وێڕای ئەوەی کە هەر لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە تا ٧ی ئێوارە بە ماشین بە دوای موسافیردا سووڕامەتەوە، پارەیەکی بەرچاوم دەست نەکەوتووە؛ واتە دەبێ بەنزین بکڕم و ماشینەکەیشم کێشەی هەیە و دڵنیام کە ئەوەندەم پەیدا نەکردووە کە بتوانم بەشێکی بچووک لەو کێشەیەی پێ چارەسەر بکەم. هەروەها منداڵەکەم پێویستی بە جلی تازە هەیە و جێژنی ڕەمەزانیش کە نزیکە. هەڵاوسانیش کە قامکی گیراندووەتە گەرووم و ئەو قەندە ٥ کیلۆییەی کە هەفتەی ڕابردوو بە ٢٢ هەزارم کڕیوە، ئێستا بە ٥٠ هەزاریش دەستم ناکەوێت و... و... ئەم گوشارانە هیچ ئاسایی نین و بەدڵنیاییەوە ماندووییم زۆرتر لە ساڵانی پێشە و هەموو ئەو کێشانە ئێسترێسم پێ دەدەن و ئەم ئێسترێسە خەوم لێ حەرام دەکات و ماندووترم دەکات و لە بەردەم چالاکییە ڕۆژانەکانم کۆسپ دروست دەکات. ئەم لیستە لە نیگەرانییەکان کە ڕۆژبەڕۆژ پێی زیاد دەبێت، بێخەویم بۆ بە دیاری دەهێنێت و تووشی سەرلێشێواویم دەکات.

هەروەها هەر بە هۆی بوونی ئەم کێشانە، لەوانە: بێکاری، هەژاری، بێ پارەیی و... و...، کە هەموویان وەک هڵزرنگانێکی نەرێنی لەسەر مرۆڤ کاریگەرییان هەیە، بە شێوەیەکی ناخوداگا، تووشی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی نەشیاوم دەکات و ئەمەش لە جێی خۆیدا، ئێسترێس بەرهەم دێنێت و بەرەو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ هانم دەدات. هەموو ئەمانە بە جۆرێک من دیلی خۆی دەکات و کێشەی بنەڕەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژیمێک کە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی هەموو ئەو قەیرانە ئێسترێسزایانەیە.

هەروەها کە وتم، نرخی دوێنێ و ئەمڕۆ پێکەوە جیاوازە و کاتێک کە دەزانم نرخی سبەیش لەگەڵ ئەمڕۆ جیاوازە، دڵەڕاوکێ بەرۆکم دەگرێت. دڵەڕاوکێیەک کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی کە لە داهاتوودا ڕوو دەدەن. دڵەڕاوکێم هەیە کە نەکا سبەی ماشینەکەم خراپ ببێت و نەتوانم دوو قەران پارە پەیدا بکەم. دڵەڕاوکێم هەیە کە نەکا منداڵەکەم بە تاوانی کوردبوون دەسبەسەر بکەن و لە سێدارەی بدەن و... و...

لە لایەکی تریشەوە، خەمۆکی لە کەمینمدایە! خەمۆکی یان ژاکاوی؛ یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆری نەخۆشییە دەروونییەکان دەژمێردرێت کە دیاردەی وەک خۆکوژی لێدەکەوێتەوە. زۆربەمان لە هەندێک کاتی ژیانماندا ھەست بەم حاڵەتە دەکەین، بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەکی کەمە و درێژە ناکێشێت. خەمۆکیی توند و ڕاستەقینە، بریتیە لە کێشەی مەزاجیی مرۆڤ لە ھەموو ڕۆژێکی ژیانیدا، کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ھەست بە خەمباری، ون‌بوون، توڕەیی و بێ‌ھیوایی دەکات. خەمۆکی دەبێتە ھۆی گۆڕان یان لادانی ڕوانگەی ئەو کەسە بۆ خودی خۆی، ژیانی و کەسانی دەوروبەری؛ بە واتایەکی تر، کەسی خەمۆک بەرامبەر بە ھەموو شتێک ڕەشبینە و بەرامبەر بە ھەموو ڕووداوێک زۆر نەرێنییە و ناتوانێت وەها وێنا بکات کە ھەر ڕووداوێک، کێشەیەک یان ھەڵوێستێک، بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەر دەبێت. ئێران دوای عێراق، دووهەمین وڵاتی خەمۆکی جیهانە کە هۆکارە سەرەکییەکانیشی بریتین لە: بێکاری، نرخی زۆری هەڵاوسان و تەحریمە جیهانییەکان. بۆیە هیچ لە ئەمانی ئەم نەخۆشینەیەشدا نیم و ڕێژیمی ئێران، بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی، کە ئێسترێسیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

تووڕەیی و کێشە لە کونتڕۆڵی میجازەکانی خۆ، لە نیشانەکانی ئێسترێسە و ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە وێڕای بوونی ئەم هەمووە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە، توانام هەیە تووڕەیی خۆم کۆنترۆڵ بکەم کە بەرهەمی ئێسترێسێکە کە ڕێژیمێکی داڕزیو و دیکتاتۆر و فاشیزم بەرهەمهێنەریەتی؟!

لە کۆتاییشدا پێویستە بڵێم کە ئیسترێس، دایکی زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانە و لە هەنووکەدا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە ئەژمار.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.