کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران: تاقیکارییە مووشەکییەکانمان درێژه پێ دەدەین

17:16 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پاسدار "ئەمیرعەلی حاجی‌زادە" دانی بەوە داناوە کە تاقیکاریی مووشەکییان ئەنجام داوە و لە تاقیکاریش بەردەوام دەبن.

 هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری پاسدار "ئەمیرعەلی حاجی‌زادە"وە بڵاویان کردووەتەوە، سەرەڕای ئەویکە لەمدواییانەدا تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی بالیستیکیان ئەنجامداوە، لەسەر تاقیکردنەوەی مووشەکەکانیش بەردەوام دەبن.

دانپێدانانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە حەوتووی پێشوو ئامریکا و فەرانسه بە نیسبەت تاقیکاریی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هۆشداریان دا.

حاجی‌زادە جەختی کردووەتەوە و گوتوویەتی: "لەمدواییانەدا تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیمان ئەنجام داوە، ئێمە مووشەکەکانمان تاقی دەکەینەوە و ئەو تاقیکردنەوەیەی ئەمدواییانەش گرینگ بووە."

ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز هەواڵدەری تەسنیمی سپای پاسداران له  زاری پاسداری تێرۆریست، ئەبولفەزڵ شکارچی وتەبێژی ئەرتەشی ڕێژیم بڵاوی کردەوە: تاقیکاری مووشەکی و بردنەسەری توانای مووشەکی و دفاعیمان یەکلایی کراوەتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان.

دوای تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد، تاران بەم دواییانە مووشەکێکی بالستیکی نێونجبڕی بەنهێنی تاقی کردووەتەوە کە توانای پێکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی هەیە و دەتوانێ بۆمبی ناوکی هەڵگرێت.

لەو پێوەندییەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسه "ئانیس ڤۆن دەیرمۆڵ" لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کرد: "فەڕانسه سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستیکییە نێونجبڕەکەی ئێران نیگەرانە. ئێمە سەرکۆنەی ئەم کارە تێکدەرانەیە دەکەین."

هاوکات "جێرمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە پەیامێکی تویتێریدا تاقیکاریی مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی بە هەوڵێکی تێکدەرانە وەسف کرد.

تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستیکەکانی ڕێژیمی ئێران پێشێلکردنی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە دەست لە بەرنامەی مووشەکی هەڵبگرێت.