کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمنییەتی ئاوە نێونەتەوەییەکان دەکات

12:15 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم بە سیفر بگات، ئاوە نێونەتەوەییەکان ئەمنییەتیان نامێنێت.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە دانیشتنی ئەندامانی دەوڵەتی ڕێژیم لەگەڵ "عەلی خامنەیی"، باسی لەوە کرد کە زیاترکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەرژەوەندیی هیچ کام لە وڵاتانی جیهانی تێدا نییە و ئەمنییەتیان لە ناوچەکە و جیهاندا گەرەنتی ناکات.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سیفر بگەیەنن، ئەوا ئەمنییەتی ئاوە نێونەتەوەییەکان بەشێوەی ڕابردوو نابێت و دەکەوێتە بەر مەترسی.

ئەمە یەکەم جار نییە بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشە دەکەن و نزیک دوو مانگ لەمەو پێشیش "ئیسماعیل کەوسەری" جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵای سپای تیرۆریستی پاسداران، ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر  ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکردرێت، ئەوا ئەم ڕێژیمە بەربەست لەسەر ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرموزدا دروست دەکەن.