کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ گەمارۆوە ئابوورییەکان ئامادە دەکات

11:55 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، خۆیان بۆ گەمارۆوە ئابوورییەکان کە ئامریکا دژی ئەو ڕێژیمە جێبەجێی دەکات، ئامادە دەکەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری "محەممەدڕەزا نەجەفی مەنێشـ"ـەوە بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەرچی هەتا ئێستا ئامریکا گەمارۆی ئابووری بەدژی پیشەی ماشین لە ئێراندا پەسەند نەکردووە، بەڵام ئەو وڵاتە بەربەستی زۆر سەختی بۆ کەرەستەکانی ماشینیشی گرتووەتەوە بەر.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، گەمارۆی نوێ بەدژی پیشەی ماشین لە بەشی کەرەستەکاندا دژی ئێران جێبەجێ دەکرێت، ئامانج لەو گەمارۆ ئابوورییانەش زیانگەیاندنی قورس به ئێرانە.

نەجەفی مەنێش وتوویەتی: هەڵبەت گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئەمجارە لەو بەشەدا زۆر سەخت و قورس دەبێت و هەندێک لە وڵاتانی جیهان بڕی ٣٠٠ میلیۆن دۆلار سەرمایەگوزارییان لە ئێراندا کردووە، بەڵام بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان ناوێرن لەگەڵ ئێران هاوکاری بکەن.

هاوکات ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، وەرزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ٥٠٠ کەسی دیاری کردووە، هەتا چاوەدێری بەسەر گەمارۆوە ئابوورییەکاندا بکەن و نەهێڵێت هیچ لایەنێک گەمارۆوە ئابوورییەکان دەور لێ بداتەوە.

لەو پێوەندییەدا، "کریستۆفێر فۆرد"، جێگری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بۆ سێئوول و تۆکیۆ سەفەری کردووە، هەتا لە بارەی بەرنامەی ناوکی، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم، نیزامیگەری و درێژەدان بە تاقیکاریی مووشەکە بالیستیکییەکان گفتوگۆ بکەن.

لەو سەفەرەی جێگری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا بۆ سێئوول و تۆکیۆدا، باس لە پەسەندکردنی گەمارۆی نوێی ئابووری بەدژی ڕێژیمی ئێران دەکرێت.