کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران داعشی نوێ پێک دێنێت

17:30 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵ دایە داعشێکی نوێ لە ناوچەکەدا پێک بێنێت و بۆ بە مەبەستەکانی خۆی کەڵکی لێوەر بگرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هۆشداری داوە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە و دەتوانێت هێزێکی تێکدەر و شەڕخواز هاوشێوەی گرووپی تێرۆریستیی داعش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست بکات. ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ناوچەکە.

لەو پێوەندییەدا "جێمز جێفری"، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری سووریە لە لێدوانێکدا لە شەشەمین دانیشتنی ساڵانەی "دیفێنس وان" باسی لەوە کرد، کردەوەی نیزامیی ڕاستەوخۆ بۆ شکستی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی، بە تایبەت چەکدارە شیعەکان بەس نییە.

ئەو بەرپرسه ئامریکاییە باسی لەوەش کرد، ئێمە بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران پێویستیمان بە وڵاتێکی سەقامگیرە؛ ئەگەر ئێمە کێشەی ئەسڵی چارەسەر نەکەین، ڕێژیمی ئێران داعشێکی نوێ دروست دەکات.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەچوارچێوەی یارمەتیی چەکوچۆڵ، ماڵی و ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و هەروەها زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوای لێ کەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.