کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دوژمنی سەرەکیی ژینگەی کوردستانە

12:09 - 2 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستوپەیوەندییەکانی، لە ئاگرتێبەردانی شاخ و دارستان و لەوڕگەکانی کوردستان و گەیاندنی خەساری جیددی بە ژینگەی زاگرۆس بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ١ی خەرمانان، لە ناوچەی سەرشیوی سەقز و لە شوێنێک بە ناوی شاسوار، لە ڕێگای نێوان مەریوان- سەقزدا، ئاگر لە شاخ و دارستان و لەوڕگەکان بەردراوە کە بەداخەوە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەی ساڵانێکە کە بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگەی زاگرۆس، بە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست، هەوڵی نە‌هێشتنی دارستان و لەوڕگەی لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا داوە.

ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بووەتە بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە سیاسەتە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێران بە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەداخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش لە پرۆسەی لەنێوبردن و تێکدانی ئەم سامانە سروشتییەدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.