کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دژی دابونەریتی نەتەوەی کوردە

13:27 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵێکدا دژی نەتەوەی کورد، ئیزنی نەدا قوتابییانی شاری شنۆ بە جلوبەرگی کوردی بەشداری لە فێستیواڵێک لەژێر ناوی ''بازیهای بومی محلی''دا بکەن.

تیمێکی ١٢ کەسی  لە قۆتابییانی کوردی شاری شنۆ کە لە فێستیواڵێک لەژێر ناوی ''بازیهای بومی محلی''، لە نێوان ٤١ تیمدا بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی بەشدارییان کردبوو، ڕێگایان پێنەدراوە لە درێژەی فێستیواڵەکەدا بە جلوبەرگی کوردی بەشداری بکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە ئەم قوتابییانە کە بە جلوبەرگی کوردی پلەی یەکمیان وەدەست هێناوە، لە کاتی ناردنیان بۆ کێبڕکێ لە ئاستی ئێراندا کە لە شاری نەیشابوور بەڕێوە چووە، ناچار کراون جلوبەرگی ئازەری لەبەر بکەن.

لەو پەیوەندییەدا، سەرپەرستی ئەم تیمە باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ بەهۆی بیری چەقبەستوو و دەمارگرژانە، ڕێگایان نەداوە ئەم تیمە سەرکەوتووەی شاری شنۆ بە جلوبەرگی کوردی لە ئاستی ئێراندا بەشداری بکات و ناچارکراون کە جلوبەرگی ئازەری بپۆشن.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، بەو قوتابییانەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئێراندا، چوون ئەو پارێزگایە بە "ئازەربایەجانی غەربی" ناودێر کراوە و بە ئازەری ناسراوە، ئێوە مافی ئەوەتان نییە بە جلوبەرگی کوردی بەشداری لەم فێستیواڵەدا بکەن.