کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەرفەرت بە یەکیەتیی ئورووپا دەدات

18:38 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی بێ‌ناورۆکی بەرجام، تا ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ دەرفەتیان بە یەکیەتیی ئورووپا دا.

"ڕۆیتێرز" لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە چەند حەوتوویان دەرفەت بە یەکیەتیی ئورووپا داوە کە لە ئایا ڕێککەوتنی بەرجامدا دەمێننەوە یا نا؟

ڕێژیمی ئێران داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە کە تا ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ بڕیاری کۆتایی خۆیان لە بارەی بەرجامەوە بدەن و هەروەها پێشنیارەکانی خۆیان لە بەستەیەکی ئابووریدا بە تاران بدەن.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی دانیشتنێکیان بێ بەشداریی ئامریکا بەڕێوە برد.

ئەو دانیشتنەدا لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئیستا مایک پێنس جێگری سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند، کە ئورووپا لە نێوان ئێمە و ڕێککەوتنی ناوکیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

ستراتیژى نوێی ئامریکا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ڕێگه‌ له‌ ڕێژیمی ئێران بگیرێت، هەتا نەتوانێت تواناییە مووشه‌كییه‌كانى په‌ره‌ پێ بدات و ببێته خاوەن چەک و‌ مووشه‌كی ناوکیی و نەهێڵن‌ پشتیوانیی له‌ تێرۆر و تێكدانى دۆخى سه‌قامگیری ناوچه‌کە و هەروەها‌ پشتیوانیی له‌ میلیشیاکانى ناوچەکە به‌ ئامانجى تێكدان و له‌نێوبردنى ئه‌و وڵاتانە بکات.

چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و ترس لە دووپاتبوونەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بووەتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم چالاکیی سەرمایەدانەران و کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێراندا و زۆریەک لە کۆمپانیاکان هاوکاری و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پساندووە.