کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی ئەفغانستان چڕتر دەکات

16:55 - 11 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: "پێنتاگۆن"ـی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند کە ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی ئەفغانستان چڕتر دەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "پێنتاگۆن"، لە ڕاپۆرتێکدا بە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی لە ژمارەیەک بەربژێری ئەیالەتیی و ناوەندیی پارلەمانی وڵاتی ئەفغانستان دەکات، هەروەها پشتیوانی ماڵیی و سەربازیی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و تاڵەبان لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا دەکات.

لەمبارەیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسیی وڵاتی ئەفغانستان بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێت ڕێگای پێشکەوتنی ئەو وڵاتە بەرەو ‌ئاقارێکی نالەبار و ناسەقامگیر بگۆڕێت.

عەبدولڕەحیم زەهین، چالاکی سیاسی و ئەندامی هەنووکەیی پارلەمانی وڵاتی ئەفغانستان و یەکێک لە ناڕازییان لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری ئەوەی ئەفغانستان پەیمانێکی ئەمنییەتی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە، ئەو وڵاتە بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر حکوومەتی ئێران دەزانێت و لە هەوڵی ئاژاوەگێڕانێکی بەریندایە.

ناوبراو ڕایشگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە تاکوو لە ڕێگای دەستێوەردانەکانییەوە ڕێکار و ڕێگای پێشکەوتنە ئابووری، سیاسی و ئاسایشییەکانی وڵاتەکەمان بەرەو ئاقارێکی ناسەقامگیر بگۆڕێت و لەتمە لە ‌ئەفغانستان بدات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئاسف ئاشنا، چالاکی ساسیی وڵاتی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، حکوومەت و دەزگای دیپلۆماسی ئەفغانستان دەبێت ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی تر دڵنیا بکەنەوە کە وڵاتی ئەفغانستان و حکوومەتی کابۆل بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە و مەترسی نین بۆ سەر هیچ وڵاتێک.