کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیەوێت شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگیرسێنێت

10:52 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بلاڤۆکی "فری بیکەنـ"ـی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکی شرۆڤەییدا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بیری ئەوەدایە کە شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵگیرسێنێت.

بڵاڤۆکی "فری بیکەنـ"ـی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دەوڵەتی ترامپ ئاشکرای کردووە، ڕێژیمی ئێران سەرقاڵی لێدانی تۆنێلێکی ژێرزەوینی بۆ نێو خاکی ئیسرائیلە، کە لەو تۆنێلە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا و هێزە تێرۆریستییەکانی دیکە بۆ هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل کەڵک وەر بگرن.

بەرپرسانی ئامریکایی باسیان لەوە کردووە، تاران سەرقاڵی هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین تۆنێل لە لایەن ئیسرائیلەوە دۆزراوەتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش بە نیسبەت جموجووڵە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری وڵاتەکەیان هۆشداریان داوە.

لەم بارەوە سێناتۆری کۆماریخواز، "تێد کروز" وتوویەتی: "وا دەرکەوت کە تاران لە پارە ئازادکراوەکان بۆ مەبەستی نیزامی کەڵکی وەرگرتووە".

ململانێیەکان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەدا، دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام توندتر بووە و هەتا ئێستە ئیسرائیل چەندین بنکەی نیزامیی ڕێژیمی لە خاکی سووریەدا بوردمان کردووە و لەو ئۆپراسیۆنە نیزامییانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون .