کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سیستمی پەروەردە و ڕاهێنانی خۆی لە سووریە بەڕێوە دەبات

11:34 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە دەستێوەردانی نیزامی لە سووریە، لە هەوڵ دایە سیستمی پەرەوردە و ڕاهێنانی خۆی بە شێوەیەکی بەربڵاوتر لە سووریەدا جێگیر بکات.

شەڕی سووریە درێژەی هەیە و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بە هەمان شێوە بەردەوامە،  بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هەتا ئێستا ٥ زانکۆیان لە سووریه دامەزراندووە و سەرقاڵی کاروباری وانە وتنەوەن.

زانکۆکانی "ئەلمستەفا، فارابی، ئازادی ئیسلامی و زانکۆی مەزهەبەکانی ئیسلام" لە سووریە به دەستی ڕێژیمی ئێران دامەزراون و بڕیارە کە زانکۆی دیکەش لەو وڵاتە دروست بکرێت.

لەو بارەیەوە "مەنسوور غۆڵامی" وەزیری، زانست، لێکۆڵێنەوە و فەناوەریی ڕێژیمی ئێران زانکۆیەکی دەوڵەتی، بە ناوی" تربیت مدرس" لە سووریه دامەزراندووە. ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران ئامانج لە دامەزراندنی ئەو زانکۆیە بۆ ئەو گەڕاندووەتە کە خوێندکارانی سووریە بتوانن لە وڵاتی خۆیان بخوێنن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێژیمی ئێران چەندین قوتابخانەی لە دەمیشق، لازقیە، دەیرەزوور و ئەبوکەماڵ دروستکردووە و مانگانە بڕی ٢٠ دۆلاریش یارمەتی بە قوتابیان دەدات.

کارناسانی پەروەردە و بارهێنان لەو باوەڕەدان کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە لە ڕێگای قوتابخانە ودامەزراوەکانی خۆی ئیدئۆلۆژیی شیعەگەری و زمانی فارسی لە سووریە پەرە پێ بدات و لەو ڕێگایەوە و مەبەستەکانی خۆی بپێکێت.

دامەزراندنی زانکۆ و قوتابخانە لە سووریە و دابینکردنی تێچووەکەی لە کاتێکدایە کە قوتابیان لە ئێراندا لە کانێکس و قوتابخانەی داڕماودا دەرس دەخوێنن  دەرچوانی زانکۆکانیش دوای تەواوبوونی خوێندن بیکارن.