کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی بشێوی و ناسەقامگیرییه

12:07 - 10 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی بەغدا لەهەمبەر سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد.

شەوی ڕابڕدوو ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، خەڵک لەسەر شەقامەکانی شاری بەغدا خۆپیشاندانێکیان دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئەو وڵاتە و تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە، بەڕێوەبرد.

ناڕازییان بە دروشمگەلی وەک: "ئێمە مافی منداڵەکانی خۆمان لە ڕێژیم دەستێنین" و "بڕووخێت ڕێژیم" و دەیان دروشمی لەو چەشنە، کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا، "حەشدی شەعبی" کە گرووپێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانە، بۆ کۆنترۆڵی خەڵک، ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵک کرد و نزیک بە ١٠ کەس لە ناڕازییان کوژراون و زیاتر لە ٢٥٠ کەس بریندار بوون.

‏خەڵک لە شاری کەربەلاش ڕژانە سەر شەقامەکان و بینای پارێزگاریی ئەو شارەیان خستە ژێر دەستی خۆیانەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە پارێزگاری کەربەلا، لە دەرگای پشت بینای پارێزگارییەوە هەڵاتووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە وڵاتانی وەک: "یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان"، بە پشتیوانیکردن لە گرووپە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی خۆی، ناسەقامگیریی لەو وڵاتانەدا دروست کردووە.