کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەنگەری تێرۆر لە سووریە چۆڵ ناکات

12:28 - 1 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: هەتا ئەو ڕۆژەی دمشق بیه‌وێت، ئێران لە سووریە دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی کە ڕووسیە ڕایگەیاند، کە مانەوەی هێزە دەرەکییەکان لە سووریە نایاسییە و دەبێت ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: کە هێزەکانی ئێران سووریە چۆڵ ناکەن و هەتا ئەو ڕۆژەی حکوومەتی بەشار ئەسەد بیەوێ، ئەو هێزانە لەو وڵاتە دەمێننەوە.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکونفڕانسێکدا ڕایگەیاندووە: هێزەکانی ئێران بە ڕێگەپێدانی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەن و هیچکەس ناتوانێت ئێران ناچار بکات، کە هێزەکانی خۆی لە سووریە بکشێنێتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە دوای داواکاریی نوێنەری تایبەتی ڕووسیە بۆ چوونەوەدەرەوەی هێزە دەرەکییەکان لە سووریە، هەواڵدەریی ڕێژیمی سووریە "سانا" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە، کە باس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران نەکراوە، کە موڵەتیان لە حکوومەتی سووریە وەرگرتێبێت و تەنیا ئاماژەی بە ڕووسیە کردووە، کە مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لەسەر داوای دەوڵەتی سووریە بووە.

ڕێژیمی ئێران بۆ هەناردەکردنی تێرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە بڵاو کردەوە و پاڵپشتی لە میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات، بەتایبەت لە سووریە کە گرنییەکی تایبەتی بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە.

ڕێژیمی ئێران و سووریە لە ناوچەکە هاوپەیمانن و ئەو ڕێژیمە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە دەپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە، نزیک کردنەوەی سەنگەری تێرۆر و شەڕ لە ئیسرائیل و عەرەبستان، بە سازکردنی پایگای مووشەکی و بنکەی نیزامی دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و لە ئەگەری شەڕ لەگەل ئەو وڵاتە، هێزەکانی نزیک بە سنووری ئیسرائیل بن.

پرسی بڵاوبوونی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، سەرەکیترین بابەتە لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکە بە بەردەوامی هۆشداری بەو ڕێژیمە دەدەن، کە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە و دەست لە ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان هەڵبگرێت و تەنانەت وڵاتی ئیسرائیل بە هێرشکردن بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەردەوامە و ڕایگەیاندووە، کە قەبووڵ ناکات ڕێژیمی ئێران لە سنووری ئیسرائیل بنکەی سەربازی هەبێت.