کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەستی به ترساندن و هەڕەشەی خەڵک کردووه

12:13 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی، بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، ڕووی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مۆرەکانی سەر به ڕێژیمی ئێران له ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، به ناردنی پەیامگەلێک بە ناوەڕۆکی هەڕەشە و ترساندن، خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر خەڵکن.

ئەم مۆرانەی ڕێژیم، که به ناوی خوازراو و پەیجگەلێکی بێناو و نیشانەوە خەریکی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، به چاوەدێریکردنی ئەو کەسانەی که به دانانی پۆست و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم پەیجانەدا چالاکی دەکەن، هەڕەشەی گرتن و هێندێ جاریش هەڕەشەی مردنیان لێ کردوون.

بەپێی ئەم هەواڵه، مۆرەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، به پرسیارکردن سەبارەت به چۆنیەتی پێوەندی ئەم کەسانە لەگەڵ حیزبی دێموکرات و هۆکاری دانانی پۆست و بابەتی پێوەندیدار به حیزبه سیاسییەکان، لە هەوڵی دۆسیەسازی و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانەن.

مۆرەکانی سەر به ڕێژیمی ئێران به وتنی ئەوەی کە گوایه چەندین جار پێشیان به گیران و دەسبەسەرکردنی چالاکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان گرتووە و هەروەها به بێڕێزیکردن به حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات، خۆیان به دڵسۆزی خەڵک ناو دەبەن و دەڵێن کە ئامانجیان تەنیا یارمەتیدانی ئەوانه.

لە لایەکی تریشەوە، به باسکردن لەوەی که چەندین ئەکاونتی جودا به شوناسگەلێکی جیاوازیان لە بەر دەسته، هەوڵی پێشگرتن له چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەدەن.

مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران بەم بۆنەوە، بەردەنگەکانی خۆیان لە نێوان کەسانێکدا دەسنیشان دەکەن، که پێشتر بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و لەم ڕێگەوە هەوڵ دەدەن ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە نێوان خەڵکەوە و هەروەها ئەوە ڕابگەیەنن، که ئەوان و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەردەوامی خەریکی چاوەدێریکردنی خەڵکن و بەم شێوەیە دەیانەوێت دەنگی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کپ بکەن و هەبوونی حیزبی دێموکرات لە نێو دڵی جەماوەردا کەمڕەنگ بکەنەوە.