کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە خەباتی نەتەوەی کورد ترسی هەیە

12:41 - 12 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی دەفتەری سێناتۆر باب کەیسی کرد و لەسەر پرسی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و هەبوونی پتانسیلی پاڵنەربوون لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا باسێکی پێشکەش کرد.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە سەردانێکدا بۆ دەفتەری سێناتۆر "باب کەیسی" بە ئاماژە بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی رابردوو لە کوردستان و ئێراندا و هەروەها بە ئاماژە بە شەڕەنگێزیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وتی: کە هەڵسوکەوتی ئێران لە نێوخۆی ڕێژیم و دەرەوە هەڵقوڵای سروشتی ئەو رێژیمەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت. واتە ناتوانین بەبێ گرینگیدان بە سروشتی سەرکوت لە نێوخۆی ئێران بیر لەوە بکەینەوە کە گوشار لەسەر کۆمای ئیسلامی دەتوانێت، هەڵسوکەوتی ناوچەیی و جیهانیی ئەو رێژیمە بگۆڕێت.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد: کە ئەگەرچی گوشاری ئابووریی لەسەر رێژیمی ئێران دەتوانێت تا ڕادەیەکی بەرچاو، ئەو رێژیمە لە بەرانبەر بزاڤە نێوخۆیییەکاندا لاواز بکات و لە نێوان مەودادا هێزی سەرکوتی ئەو رێژیمە کەم بکاتەوە، بەڵام هاوکات بۆ گۆڕانێکی واتادار پێویستە ئەو گوشارانە بەرەو کۆتاییهاتن بە سەرکوت لە ئێراندا ئاراستە بکرێن.

نوێنەری حیزب هەروەها وتی: کە بە باوەڕی ئێمە، ئێران وەکوو وڵاتێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تەنیا کاتێک هەڵسوکەوتی ئاشتییانەی دەبێت، کە هاوبەشێکیی دەسەڵات لە نێو نەتەوە جیاوازەکاندا لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا هاتبێتە ئاراوە. بۆیە بە باوەڕی ئێمە سیستمێکی فیدراڵ کە مافی نەتەوەکانی  تێدا پارێزراو بێت و ئەو نەتەوانەش لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بەشداری بکرێن، تەنیا رێگایەکە کە هەر دوو کێشەکانی هەڵسوکەوتی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە چارەسەر دەکات.

ئارش ساڵح لە درێژەدا، بە ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هەندێ بەڵگە و ئامار کە بە هەوڵی ئورگانە جیاوازەکانی حیزب ئامادە کرابوون، پێشکەش بە سێناتۆر "کەیسیـ"ـی کرد و وتی: کە گەلی کورد لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە لە ئێران زوڵمی لێ چووە و لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵی تواندنەوەی بۆ دراوە.

ئارش ساڵح، لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە خەباتی ئێستەی کوردستان وای کردووە، کە رێژیم پاش ئەو هەموو سەرکوتانە زیاتر لە هەرکەس و لایەنێک ترسی لە گەلی کورد بێت، هەر بۆیە سەرکوت لە کوردستان بە نیسبەت شوێنەکانی ترەوە سیستەماتیکتر و توندترە. ئەم ڕاستییانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تواناییی ئەوەی هەیە، ببێتە بزوێنەر و پاڵنەری خەباتێکی بەهێز لە ئێراندا.

ناوبراو، لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ باسی لەوە کرد، کە نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، بۆ گۆڕانی چارەنووسی خۆیان و رێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەتوانن زیاتر هاوکاریی یەک بکەن، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە سیاسەتی دەوڵەتی ئامریکا لەم پیوەندییەدا کردەوەی ڕاستەقینە بە خۆوە ببینێت.