کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سووریه تاکتیکی کەو دەگرێتە بەر

12:42 - 20 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی لە سووریە و درێژەدان بە جەنایەتەکانی خۆی لەو وڵاتەدا بە مەبەستی فریودانی کۆمەڵگەی جیهانی وەک کەو سەری خۆی دەخاتە ژێر بەفرەوە.

ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵـ"ـی ئامریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە، کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزە میلیشاییەکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی مانەوەیان لە سووریەدا بە جلوبەرگی ئەرتەشی ڕێژیمی ئەسەد گەڕاونەتەوە سنوورەکانی ئیسرائیل.

دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد بڵاویان کردووەتەوە، چەندین کاروانی نیزامی هاتوونەتە شاری دەرعا و قەنیتره لە بەرزایییەکانی گوڵان کە یونیفۆرمی ئەرتەشی ڕێژیمی ئەسەدیان لە بەردا بووە.

گەڕانەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە کاتێكدایە، کە حەوتووی ڕابردوودا ئەو هێزانە لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری سووریە پاشکشەیان کردبوو.

کشانەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە باشووری سووریە، لەسەر داواکاریی ئیسرائیل لە ڕووسیه بووه.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی لەو بارەوە باسی لەوە کردووە، کە ئێمە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی دەورووبەرمانین.

ئامریکا و ئیسرائیل لەسەر دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە سووریە جەخت دەکەنەوە، بەڵام حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە: "ئێمە پێتان دەڵین کە ئەگەر هەموو دنیا کۆ ببێتەوە تا ئێمە ناچار بکات لە سووریە بڕۆینە دەرەوە، ناتوانن ئەو کارە بکەن".

پرسی دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە سووریه ماوەیەکە بە چڕی باسی لێوە دەکرێت، لەو پێوەندییەدا ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ی هەتاوی، نیکی هێڵی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامریکا پاڵپشتی لە کۆبوونەوەکانی نێوان ئۆپوزیسیۆن و ڕێژێمی سووریە بە سەرپەرەستیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە دەکات.

ناوبراو ڕایگەیاند: کە سووریه نابێ ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ تیرۆریستان و ئامریکا بۆ دەرکردنی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە سووریه هەوڵ دەدات.

ماوەیەک پێش ئێستا، ڕۆژنامەی "تایمز ئافـ"ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل و ڕووسیه بە نیسبەت بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون و بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، دەبێ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل دوور بن.

هاوکات "ولادێمیر پووتین" سەرکۆماری ڕووسیە داوای کردووە، هێزه بیانییەکان سووریه بەجێ بێڵن، نوێنەری ناوبراویش داوای کردووە کە هێزە بیانییەکان لە سووریه بکشێنەوە.

لەو پێوەندییەدا، "ئەلکساندێر لاورۆنتیڤ"، کە نوێنەری تایبەتی پووتین بۆ کاروباری سووریەیە، جەختی کردووەتەوە، کە ئەو بڕیارە هێزەکانی ڕێژیمی ئیران و حیزبوڵڵاش لە خۆ دەگرێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆییی سووریەدا، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپە ئۆپوزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزییەوە بەرگری لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابینکردنی چەکوچۆڵ، شانبەشانیشی شەڕ دەکات.