کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سەردانەکەی ترامپ بۆ عێراق ڕەخنەی گرتووە

12:13 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە سەردانەکەی ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا بۆ عێراق ڕەخنەی گرتووە و ئەوەی بە "بێڕێزی به سەروەریی نەتەوەییی عێراق" زانیوە.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بەفرانبار، وێرای ڕەخنەگرتن لە سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی ترامپ بۆ عێراق، وتوویەتی: "سەفەرەکەی ترامپ بۆ عێراق بەگشتی نهێنی و لە ڕاستیدا بە دزییەوە بوو و هەروەها توندترین ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانیشی بۆ لە بەر چاو گیرابوو".

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، که  ئەم سەفەرە، ڕەخنەی بیرمەندان و دژایەتی خەڵکی عێراقیشی بەدواوە بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران، لە کاردانەوە به قسەکانی ترامپ لە عێراقدا وتوویەتی: دەوڵەت و نەتەوەکانی ناوچە، هیچ کات ئیزنی کەڵکئاژۆگرتن به نەیارەکان نادەن، که بتوانن دووبەرەکیی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا دروست بکەن.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە سەفەرەکەی خۆیدا باسی لەوە کردبوو، کە هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە عێراقدا دەمێننەوە و پێش به گەڕانەوەی دووبارەی داعش بۆ ئەم وڵاتە دەگرێت و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا دەپارێزێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندبوو: که دەبێ هەموو چەشنه ئەگەرێکی دووبارە دروستبوونەوەی داعش و هەروەها هەبوونی ڕێژیمی ئێران کۆنترۆڵ بکەین.

قسەکانی بەهرام قاسمی سەبارەت به بێڕێزی به سەروەریی نەتەوەییی عێراق لە لایەن ئامریکاوە لە حاڵێکدایە، که ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان دەستی دایە مووشەکبارانکردنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، که شەهیدبوونی ١٧ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ کەس لە ژنان و منداڵانی نێو کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی لێ کەوتەوە. لە لایەکی تریشەوە، وڵاتانی جیهان، بە تێکڕا ڕێژیمی ئێران به سەرچاوەی ئاژاوە و دووبەرەکینانەوە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەزانن.