کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە شوناسی کورد دەترسێت

13:20 - 1 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دەسەڵاتی ناوەندگەرای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بوونی شوناسی کورد دەترسێت و لە بەرەبەری هاتنی وەرزی خوێندن، باسی خوێندن بە زمانی کوردیی لە قوتابخانەکان قەدەغە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تەنیا مانگێک بۆ کرانەوەی قوتابخانەکان ماوە، بەڵام ڕێژیم باس لە وانەوتنەوە بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکاندا ناکات.

کۆماری ئیسلامی ترسی لە شوناسی کورد، لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە. لە قوتابخانە و زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیدا وانەوتنەوە بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرانسەوی، ئاڵمانی و ڕووسی بوونی هەیە و وەک وانەیەکی ئیجباری گونجێندراوە.

لە ڕاستیدا ترسی دەسەڵات لە دروستبوونی شوناسەکانی دیکەی ئێران ئەوەیە کە شوناسی کۆماری ئیسلامی ئیستا لەسەر دو کۆڵەکەی "مەزهەب" و "زمان" پێکهاتووە. دەسەڵاتی ناوەندی و فەرهەنگستانی زمانی فارسی، باش دەزانن کە سەرهەڵدانی شوناسی دیکە، شوناسە دەسکرد و لاوازەکەی ئەوان دەخاتە لەرزەوە.

کۆماری ئیسلامی و ناسیوناڵیزمی فارس، بەردەوام لە دژی کورد و باقیی نەتەوەکانی ئێران  پیلانگێڕی دەکەن.