کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ململانێ لەگەڵ شەڕی دەروونیی ئامریکادا

08:39 - 2 گەلاوێژ 2719

بێهزاد قادری

وەزارەتی شەڕی ئامریکا لە کتێبی "لە جەرگەی شەڕ"دا، "شەڕی دەروونی" وەها پێناسە دەکات: "شەڕی دەروونی، کەڵکوەرگرتنی بەرنامەداڕێژراوە لە پڕوپاگەندە و سەرجەم هەوڵگەلێک کە پێش لە هەر شتێک بە ئامانجی کاریگەری دانان لەسەر بۆچوونەکان، هەستەکان، هەڵوێستەکان و هەڵسوکەوتی دوژمن، بێ لایەن، یان دۆست و بە شێوەیەکی تایبەت بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە ئامانجگەلی نەتەوەیی، ئەنجام دەگرێت".

ئەو تێبینییەی کە دەتوانین لە پێناسەی سەرەوە وەریبگرین ئەوەیە کە "شەڕی دەروونی" تەنیا سنووردار بە کاتی شەڕ و دۆخی ئامادەباشی نییە.

هێزی دەریایی ئامریکایش لە کتێبێکدا لەسەر بابەتی "شەڕی دەروونی" وەها دەدوێت: "ئەرکی سەرەکیی شەڕی دەروونی، سەپاندنی ئیرادەی ئێمەیە بەسەر ئیرادەی دوژمندا، بە مەبەستی سەروەری بەسەر هەڵسوکەوتی ئەوان لە ڕێگاگەلێک جگە لە ڕێگای نیزامی و کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەگەلێک جگە لە کەرەستەی ئابووری".

عەمەلییاتی پەیوەندیدار "بە شەڕی دەروونی"، ئەگەری هەیە کورتماوە یان درێژماوە بێت، کە جۆرەکانی چالاکییە کورتماوەکان بریتین لە: "پڕوپاگەندەی ئیستراتیژیکی، پڕوپاگەندەی جەنگی، بڵاوکردنەوەی هەواڵ، هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بە شێوەی ڕێکوپێک و ورد و پڕوپاگەندەی نهێنی". شەڕی دەروونیی درێژماوە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوەی بەردەوام، بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەی جۆراوجۆر. هەروەها یارمەتیدان بە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەت و بردنەسەرەوەی بەناوبانگی و متمانەکەی، بۆ بەدەستهێنانی دۆستایەتی و تەئید.

دەبێ سەرنج بدرێت کە دۆڕانی ڕاستەقینە لە شەڕی دەروونیدا شاراوەیە، چونکە ئەمە شەڕی دەروونییە کە وڵاتێک لە درێژەدان بە بەرخۆدان بێبەری دەکات و بوون و مانەوەی سەربازێک وەکوو تاکێک لەنێو دەبات و ئەو دەکات بە کەرەستەیەکی شەڕکەری نەگونجاو. لە ڕاستیدا، شەڕی دەروونی، تەنیا شتێک کە سەرباز بۆ درێژەدانی شەڕ هان دەدات، لێی وەردەگرێت و سەربازی بێ هیوا، وەکوو چەکێکە کە خانبڕ بووە.

بۆ ئەوەی باشتر بتوانین لەگەڵ چەمکی شەڕی دەروونی ئاشنا ببین، ئاماژەیەکی کورت بە ئامانجەکانی "شەڕی دەروونی" دەکەین کە بە دوای وەدیهێنانیەتی:

دەتوانین بڵێین کە زۆربەی عەمەلییاتە دەروونییەکان کە حکوومەتێک بە دژی حکوومەتێکی دیکە ئەنجامی دەدات، بە مەبەستی وەدیهاتنی ئامانجە سیاسییەکانە کە ئەم ئامانجانە بە سەرنجدان بە پرسی کات، هەڵگری واتاگەلێکی جیاوازە و لە ئاکامدا "شەڕی دەروونی"، ئامانجی درێژماوە و کورتماوە دەگرێتە بەر.

بۆ نموونە، ئامانجە سیاسییە کورتماوەکانی ئامریکا لە دروستکردنی شەڕی دەروونی دژی ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە لە ئێستادا نەهێڵێت ئەم ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و پیتاندنی ئورانیۆمی ڕاوەستێنێت. هەروەها ئامانجی درێژماوەشی ئەوەیە کە لەم بوارەدا، بە هاندان و وشیارکردنەوەی خەڵک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران، شەڕێکی دەروونی دژ بە ئەم ڕێژیمە بکات کە ببێتە هۆی ڕووخانی نەرمی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە.

ئەو ئامانجە سیاسی- نیزامیگەلەی کە ئامریکا و هاوپەیمانانی لە شەڕی دەروونی دژ بە ڕێژیمی ئێران بەکاری دەبەن، بە پوختی بریتین لە:

ڕێگەنەدان بە هیچ حکوومەتێک کە لەگەڵ ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێراندا ببێتە هاوپەیمان.
بەهێزکردنی یەکیەتیی نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.
هاندانی خەڵکی نێوخۆی ئێران بۆ ڕاپەڕین دژی زوڵم.
پشتیوانی لەو وڵاتانەی کە دژی سیاسەتی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێرانن.
لاوازکردنی هەرچی زۆرتری پێکهاتەی چاوەدێری و حاکمییەتی سیاسی لە ئێراندا.
و...

شەڕە دەروونییەکان، بۆ وەدیهێنانی دوو جۆر کاردانەوەی دەروونیی جۆراوجۆر لە بیری سەربازی دوژمندا بەکار دەبرێت، کە جۆری یەکەم، بەگشتی لەنێوبردنی ئیرادە یان کیفایەتیی نیزامیی سەربازە. لەم حاڵەتەدا، سەرباز لەبارەی پرسی شەڕ هیچ حەزێکی تێدا نامێنێت و هەڵسوکەوتی نەرێنی پەیدا دەکات. بەڵام جۆری دووهەمی عەمەلیاتی دەروونی بەم ئامانجەیە ئەنجام دەگرێت کە کاریگەرییەکی توندتر لەسەر سەرباز دابنێت و ئەو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیل، کە هەڵگری کاریگەریی ڕاستەوخۆیە لە شەڕدا، ڕابکێشێت. بۆ نموونە، ئەو ناچار بە تەسلیمبوون دەکات یان ئەوەی کە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت یان لە شۆڕشێکدا بەشداری بکات. هەڵبەت ئەم جۆرە عەمەلییاتە بە ئاسانی ئەنجام نادرێت، مەگەر کاتێک کە پلانێکی ژیرانە و باشترین داڕشتنی بۆ کرابێت.

دەبێ سەرنجی ئەوە بدرێت کە دۆخی سەربازەکان لە بواری ماددی و دەروونیدا، کۆڵەکەیەکە کە دەبێ پلانڕێژی شەڕی دەروونی ئەوە بە چاکی فام بکات و ئەم تێبینییە لە یادیدا بێت کە عەمەلییاتی دەروونی، نابێ دەستدرێژی بکاتە سەر وەفاداری و خۆشەویستی سەرباز بە نیشتمانەکەی، چونکە ئەم دەستدرێژییە ئەگەری هەیە کە ببێتە هۆی بەرخۆدانی زۆرتر لە سەربازەکەدا.

ئەم شتانە بە چاکی لە پڕوپاگەندەی دەروونیی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیدا دەبینین کە ڕۆژانە بە هەڕەشە و دروستکردنی شەپۆلی شەڕی دەروونی و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لە گەندەڵییەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتڕاستکردنەوەی تاوانەکانی ئەم ڕێژیمە، ئەم ئامانجانەی گرتووەتە بەر.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.