کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەڕەشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل و ئامریکا بەردەوامە

11:23 - 12 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، جارێکی تر هەڕەشەی لە ئیسرائیل و ئامریکا کردووە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕێژیم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی بەفرانبار، پاسدار ڕێژیم، قاسم تەقیزادە، جێگری وەزیری بەرگری، ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمێکدا، بە بۆنەی قورئانی پیرۆزەوە، ڕایگەیاند: هێزە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەمیشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئامریکا ئامادەن، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر پشت بە بەشی سەربازیی ئەو هێزانە دەبەستێت کە لە عێراق، سووریە، یەمەن و وڵاتانی ناوچەکە بۆ کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆی بەکاری هێناون و شەڕیان کردووە.

پاسدار تەقیزادە، لە بارەی ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران، لە ناوچەکە بە ناوی قورئانی پیرۆزەوە، وتی: "پێشتر قاسم سلێمانی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران وتوویەتی: ئەوەی کە لە هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق و ئێستاش لە وڵاتانی عێراق، سووریە و ناوچەکە بەگشتی بەرانبەر بە تێرۆریستان، سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە، کارێکن کە بەپێی بڕیارەکانی قورئانی پیرۆز جێبەجێ کراون".

جێگری وەزارتی بەرگریی ڕێژیم، لە کۆتاییی قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە ڕێژیمی ئێران هیچ کاتێک دەسپێشخەری شەڕ نەبووە و نابێتیش، ڕایگەیاند: ئەگەر دژبەرانی ئێران وەها هەڵەیەک بکەن، وەزارەتی بەرگریی ئێران بە پێڕەویکردن لە قورئانی پیرۆز لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و بەرانبەر بە ئیسرائیل و ئامریکا خۆڕاگرە، لە کاتی پێویستدا بە هێز و وزەی هێزە سەربازییەکانمان لە کردەوەکانی خۆیان پەشیمانیان دەکەینەوە.