کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی جاش و کۆنەپاسدارەکان دەدات

11:46 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە کاتی دەسپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەباتی حدکا، بە ناوی "ڕاسان" و پەرەسەند و پێشوازیی خەڵک  و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان لەم خەباتە نوێیە، ڕێژیمی وەخۆ کەوتووە و  هەوڵی کۆکردنەوەی جاش و کۆنەپاسدارەکان لە کوردستان دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەشێك لە شارەکانی کوردستان وەک پاوە، مەریوان، بانە و سەردەشت و ناوچەکانی سەر بەو شارە، هەوڵی کۆکردنەوەی کۆنەجاش و پاسدارەکان دەدات.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باس لەوە دەکات، هەنووکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان، بە وەبەرنانی تەماح و دانی پلە و پایەی جۆراوجۆر بەو کۆنەجاش و پاسدارانە کە کەڵکیان بۆ ڕێژیم نەمابوو، کۆیان دەکاتەوە.

ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت: بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیم لە کوردستان، ئەو کۆنەجاش و پاسدارانە بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆ دەکاتەوە و هەروەها بە چەکیش تەیاریان دەکات.

پێشتر ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو پەیوەندییەدا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردبووە، کە پایەگاکانی ڕێژیمی ئێران لە شاریکەند، نۆبار و سەدرئاباد ڕۆژانە بە یارمەتی دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان لە هەوڵی ئەوەدان زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی پێشمەرگە کۆ بکەنەوە.