کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدات

10:45 - 10 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی باڵای پولیسی ئەفغانستان ئاشکرای کردووە، سپای پاسداران و سەرکۆنسولی ڕێژیمی ئێران لە هەرات تێرۆری بەرنامەداڕێژراو ئەنجام دەدەن.

"فەزڵولڕەحمان خادم" بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزم، ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، باسی لەوە کردووە: کە سەرجەم تێرۆرە بەرنامەداڕێژراوەکان لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.

دوای ئەوەی کە ڕۆژی پێنجشەممە، جێگری دژه تێرۆر لە حەوزەی هەشتەم، لە ناوچەی "جکانـ"ـی شاری هەرات، کرایە ئامانجی کەسانێکی نەناسراو و گیانی لە دەست دا، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزم لە هەرات سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە ئەنجامدەری ئەو کردەوە تێرۆریستییە دەزانێت.

"خادم" ئەو بەرپرسە نیزامییەی ئەفغانستان، بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە، سەرجەم تێرۆرە بەرنامەداڕێژراوەکان لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، ئەو تێرۆرانە بە سەرپەرەستیی "مەحموود ئەفخمی ڕەشیدی" سەرکۆنسولی ڕێژیمی ئێران لە هەرات بەڕێوە دەچێت.

"خادم"، باسی لەوەش کردووە، کە ئێستا ٢٤ گرووپی تێرۆریستی لە هەرات چالاکی دەکەن کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەفغانستان، جەختی کردووەتەوە، هەوڵێکی زۆرمان داوە، هەتا لە بارەی ئەو کێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران قسە بکەین، بەڵام بەرپرسانی کۆنسولگەریی سەرەڕای ئەوەی کە ئامادەی وتووێژ نەبوونه، بەڵکوو ویستووشیانە پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە بگرن.

ماوەی ٩ مانگ لەمەوبەر "سمونوال فەزڵوڵڵا فەهیم"، بەڕێوەبەری عەمەلیاتی و فەرهەنگی لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

ساڵی ڕابردوو، ئاسێف نەنگ، والیی ویلایەتی فەراهی ئەفغانستان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی کابۆل گوتی: ئێران لە کەمپگەلێک لە نێو خاکی خۆیدا، ڕاهێنان بە هێزەکانی تاڵەبان دەکات.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ، بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانە درێژە دەدات.