کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران میلیشیاکانی خۆی لە عێراق بە دژی ئەمریکا هان دەدات

10:56 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە وڵاتی عێراق بە دژی هێزەکانی ئەمریکا هان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی بەرفرانبار، "جەواد تەڵیباوی" وتەبێژی گرووپی عەسایبی ئەهلی حەق لە ملیشیا چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبیی سەربە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هەڕەشەی لە مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێو وڵاتی عێراقدا کردووە.

جەواد تەڵیباوی، لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە؛ "پێویستە پارلەمانی عێراق هەڵوێستی توندی بەرانبەر هێزە ئەمریکاییەکان هەبێت، ئەگەر حکوومەت و پارلەمان نەتوانن هەڵوێست دژی هێزە ئەمریکاییەکان بنوێنن، ئەوە ئێمە لەو هێزانە دەدەین".

شایانی باسە کە ئەمە یەکەم جار نییە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سووریە، میلیشیا چەکدارە کۆیلەکانی خۆی هان دەدات کە هەڕەشە یان هێرشی تیرۆریستی بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا یان باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو وڵاتانە.

ئەم کردەوانەی ڕێژیم، بەشێکی زۆر بچووکە لە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا کە لە ڕێگای گرووپە کۆیلە چەکدارەکانییەوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجامی دەدات، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی ئاژاوەگێڕانەی هاوشێوەی ئەنجام داوە.