کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، ناوە فڕۆکە هەڵگرەکانی بۆ زەریای نێوەڕاست ڕەوانە دەکات

11:52 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە وڵامی هاتنی ناوە فڕۆکە هەڵگرەکەی ئامریکا بۆ کەنداو، ناوە فڕۆکە هەڵگرەکانی بۆ زەریای نێوەڕاست ڕەوانە دەکات.

ڕۆژی هەینی، ١٥ی بەفرانبار ، جێگری فەرماندەی هێزی دەریاییی ئەرتەشی ڕێژیم ڕایگەیاند، کە ناوە فڕۆکە هەڵگرەکانیان لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوودا، ڕەوانەی زەریای نێوەڕاستی دەکەن و ئەم مەئمووریەتەیان پێنج مانگ دەخایەنێت.

"ئەمیر دەریادار حوسێن خانزادی"، فەرماندەی هێزە دەریایییەکانی ئەرتەشی ڕێژیم، لە کۆتایییەکانی مانگی سەرماوەزدا ڕایگەیاند: "ڕێبەری ڕێژیم فەرمانی داوە، کە هەر کاتێک هێزەکانمان بۆ دەریانەوەردی لە زەریاکاندا ئامادەییان هەبوو ئەم کارە ئەنجام بدەن".

فەرماندەی هێزە دەریایییەکانی ڕێژیم، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتبووی: کە "زەریای نێوەڕاست ڕووبەڕێکی بەرینی هەیە و ئەگەری هەیە ئەم مەئمووریەتەی ناوە فڕۆکە هەڵگرەکان پێنج مانگ بخایەنێت".

بە وتەی جێگری فەرماندەی هێزە دەریایییەکان، لەم مەئموریەتەدا یەکێک لە ناوە فڕۆکە هەڵگرەکان، ناوشکێنی "سەهەند"ە، کە ئەم ناوشكێنە، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەز لە بەندەرعەباسدا ڕوونمایی کرا. هەروەها ناوبراو لە بارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەم مەئمووریەتە وتبووی: "بوونی بەردەوامی ناوە فڕۆکە هەڵگرەکانی ڕێژیم لە ئاوە دوورەدەستەکاندا بە مەبەستی بەکردەییکردنی فەرمانەکانی فەرماندەی هێزە گشتییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە".

وێدەچێت ڕۆیشتنی ناوە فڕۆکە هەڵگرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وڵامێک بێت بۆ هەڕەشە و هۆشدارەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیم.

لە ڕێکەوتی ٣٠ سەرماوەز، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ڕێژیم لە کەنداو، ناوێکی فڕۆکە هەڵگری ئامریکا، لە جۆری "یو ئێس ئێس جان سی ستنیس"، لە کەنداو جێگیر بوو، لە وڵامی ئەم کارەی ئامریکادا، خامنەیی فەرمانی دا، کە هێزە دەریایییەکان ئەرکدارن کە چالاکی و توانایییەکانی خۆیان لە زەریای نێوەڕاستدا پەرە پێ بدەن.