کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران نوێنەرێکی تایبەت بۆ کاروباری سووریە دیاری کرد

18:20 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران نوێنەرێکی تایبەت بۆ دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی سووریە دیاری کرد.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی هاوکاریی مرۆڤدۆستانە کۆمیتەیەکی هاوبەشی ئابووری لەژێر ناوی "کۆمیتەی هاوبەشی ئابووریی ئێران و سووریە" لە نێوان ڕێژیم و بەشار ئەسەد دادەمەزرێنێت کە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لە شازدە کەسی هەردوو لایەن پێک هاتووە و "کەیوان کاشفی" لە لایەن ژووری بازرگانیی ڕێژیمی تارانەوە وەکوو بەرپرسی کۆمیتەکە دیاری کراوە.

ڕێژیمی تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران ئەو کۆمیتەیە بە دروشم و بیانووی یارمەتی مرۆڤدۆستانە و هەناردەکردنی کەلوپەلە کارەباییەکانی نێوماڵ، خواردن، دەرمان، کارەبا و ...هتد دادەمەزرێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کۆمیتەیە بەمەبەستی پاڵپشتییەکانی لە حکوومەتی سەرەڕۆ و بنەماڵەیی بەشار ئەسەد بەتایبەت لە بواری سەربازیی و ڕەوانەکردنی کەرەستەی شەڕکەر و تەقەمەنی بۆ ڕێژیمی بەشار ئەسەد، هەروەها دەستێوەردانی زیاتر و پەرەپێدانی ئاشکراتر بە کارە ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستییەکانی خۆی لە وڵاتی سووریە دامەزراندووە.

جێگای ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ پێش دامەزراندنی ئەو کۆمیتەیە، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسراییل لە سەر دەستێوەردان و پەرەپێدانی کارە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی درێژە بە ئۆپراسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوییەکانی ئێران لە ناوچەکە دەدات.

نێتانیاهوو، لە سەر چالاکییە تیرۆریستییەکانی هێزەکانی سوپای قۆدسی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوەکانی نزیک لەو ڕێژیمە لە وڵاتی سووریە ڕایشیگەیاند: ئێمە ڕێگا بە ڕێژیمی ئێران نادەین لە سووریە پێگەی سەربازیی خۆی بەهێز بکات و کارە تیرۆریستییەکانی خۆی لە ڕێگای ڕێکخراوەکانییەوە درێژە و پەرە پێ بدات.