کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستە ١٦ میلیارد دۆلاری لە سووریە و ناوچەکە بەفێڕۆ داوە

12:24 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران داهاتی خەڵکی ئێران بۆ پەرەپێدان بە کاری تێرۆریستی لە ناوچەکە بەکار دێنێ و خەڵکی بێتاوانی وڵاتانی دیکەی پێ کۆمەڵکوژ دەکات.

گرووپی هەنگاو بە دژی ڕێژیمی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینییەوە ١٦ میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانیی لە بەشار ئەسەد و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە خۆی لە یەمەن و عێراق خەرج کردووە.

ئەم هەواڵە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئامریکا، مایک پۆمپێئۆ، لە تویتێکدا بڵاو بووەتەوە و نووسیوە: "لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران لە ژێر گوشاردا ژیان بەسەر دەبەن، ڕێژیمی خراپکاری ئێران، لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە، ١٦ میلیارد دۆلاری لە سووریە، یەمەن و عێراق بەفێڕۆ داوە.

لەم ڕاپۆرتەدا شێوازەکانی گواستنەوەی پارە بۆ گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئاشکرا کراوە و باس لەوە کراوە، کە سپای پاسداران بۆ کاروبارە ماڵییەکانی خۆی لە کۆمپانیاکانی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هەروەها بانکەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان کەڵکی وەرگرتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی بلۆمبرگ لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە دووتۆی توێژینەوەیەکدا ئاشکرای کردبوو، کە ڕێژیمی تاران ساڵانە ٦ میلیارد دۆلار یارمەتی بەشار ئەسەد دەدات و هێندێ جاریش بە ١٥ میلیارد دۆلار گەیشتووە.

ئەم یارمەتیدانانەی ڕێژیم بۆ حەسانەوە و باشتربوونی گوزەرانی خەڵکی ئەو وڵاتانە نییە، بەڵکوو هەمووی لە پێناو مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات و پەرەپێدان بەو عەقڵیەتە کۆنەیە، کە دەیانەوێت ئینقلاب بۆ دنیای دەرەوە هەناردە بکەن، کە تەنیا دووکەڵی ئەم بیرە چەقبەستووانەی ڕێژیم لە چاوی خەڵکی بێتاوانی ناوچەکە و ئێران دەچێت.