کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران و گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان هاوکارییەکانیان پتەوتر کرد

18:47 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی فشار بۆ سەر ئامریکا، بە شێوەیەکی زۆر چڕوپڕ یارمەتیی ماڵی و نیزامیی بە گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان دەدات.

ڕۆژنامەی "فیگارۆ" لە ڕاپۆرتێكدا باسی لە کردەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بە تایبەتی سپای تێرۆریستیی قودس کردووە کە ئەو ڕێژیمە لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی چڕوپڕ یارمەتیی ماڵی و نیزامی بە تاڵبان دەدات. سپای تێرۆریستیی قودسیش هەوڵ دەدات ڕێکخراوێککی میلیشیایی شیعە لە ئەفغانستان هاوشێوەی حیزبوڵڵای لوبنان دروست بکات.

فەرماندەیەکی نیزامیی تاڵبان باسی لەوە کردووە، ئێمە داوی هەرچی بکەین ڕێژیمی ئێران بۆمان دابین دەکات و ئەویش لە بەرانبەردا داوا لە ئێمە دەکات دژی هێزەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان شەڕ بکەین.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووه، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام تووڕەن و بە ئاکامە گەیشتوون کە ئامریکا لە شەڕی ئەفغانستان تووشی لاوازی بووە و بەهێزکردنی تاڵبان دەتوانێت بە یەکجاری ئامریکا لە ئەفغانستان شکست بدات.

ئەو فەرماندەیەی تاڵبان گوتوویەتی، مەشق و ڕاهێنانەکانی سپای قودس بەشەکانی وەک دروستکردنی بۆمب، کۆکردنەوەی زانیاری، خۆتەقاندنەوە و هتد لەخۆوە دەگرێت.

ساڵی ڕابردوو، ئاسێف نەنگ، والیی ویلایەتی فەراهی ئەفغانستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی کابۆل گوتی؛ ئێران لە کەمپگەلێک لە نێو خاکی خۆیدا، ڕاهێنان بە هێزەکانی تاڵەبان دەکات.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانەدا درێژە دەدات.