کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پشت بە ڕووسیە دەبەستێت

12:48 - 10 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی گوشاری گەمارۆکان و چارەسەریی کێشە ئابوورییەکان پشت بە ڕووسیە دەبەستێت و دانیشتنی لەگەڵ دەکات.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، کە بۆ بەشداری لە دانیشتنی کاربەدەستانی ئەندام لە "یەکیەتیی ئابووریی ئۆراسیا" چووبووە شاری "ئیرەوانی" ئەرمەنستان، لە پەراوێزی ئەو دانیشتنەدا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ "وێلادیمێر پووتین"، سەرکۆماری ڕووسیە ئەنجام دا.

"ڕووحانی" لە هەوڵدایە تا بە پەرەپێدانی پێوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی، لەگەڵ "یەکیەتیی ئابووریی ئۆراسیا"، لە گوشاری گەمارۆکان کەم بکاتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر، "دیمیتری پسکۆف"، وتەبێژی سەرکۆماریی ڕووسیە جەختی کردەوە کە چاوپێکەوتنی "ڕووحانی" و "پووتین"، تایبەت بوو بە بابەتی "بەرجام و ئاڵۆزی لە ناوچەی گەرووی هورمۆزدا''.

سەرچاوەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بڵاویان کردووەتەوە کە دوو سەرکۆمار، سەبارەت بە پلانی پێشکەشکراوی ئێران، ناسراو بە "ڕێکاری داهێنانانەی ئاشتیی هورمۆز"، (ابتکار عمل تنگە هرمز)، وتووێژیان کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا پشتی بە وڵاتی ڕووسیە بەستووە کە ئەو وڵاتە بۆ خۆی گەمارۆی لەسەرە و لەباری ئابوورییەوە لەژێر گوشاردایە.