کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە مەترسیدارترین جۆری تێرۆریزم دەکات

11:32 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعوودی داوای لە کۆمەڵگای جیهانیی کرد دژی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوەستنەوە.

هەیئەتی وەزیرانی عەرەبستانی سعوودیە لە بەیانییەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و داوای هاوکاریان لە وڵاتانی دیکە کرد کە دژی تێرۆریزمی ئەو ڕێژیمە بوەستنەوە؛ چونکە پشتیوانی لە مەترسیدارترین جۆری تێرۆریزم دەکات.

لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان لە شاری "جەددە" بە بەشداری "مەلیک سەڵمان" بەڕێوە چوو لە سەر ئەو خاڵە جەخت کرایەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دەستێوەردانەکانی ئاشکرای خۆی لە کاروباری وڵاتانی عەرەبیدا و پشتیوانی لە گرووپه تێرۆریستییەکان و میلیشاکان کاروباری تێرۆریستیی خۆی بەڕێوە دەبات.

لەو بەیانییەدا هاتووە، ئەو جۆرە تێرۆریزمەی ڕێژیمی ئێران دڕندانەترین جۆری تێرۆریزمە کە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ئەو تێرۆریزمە، هاوکاریی هەمە لایەنە پێویسته.

لە کۆتایی ئەو بەیانییەدا جەخت کراوەتەوە دەبێت کۆمەڵگای جیهانی دژی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران بوەستێتەوە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوای لێ کەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەچوارچێوەی یارمەتیی چەکوچۆڵ، ماڵی و ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و هەروەها زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.