کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کوردستان بە چەکوچۆڵی شەڕ دەتەنێت

10:27 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ کوردستان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناردنی چەکوچۆڵی شەڕ بۆ کوردستان و نۆژنکردنەوەی پایەگا نیزامییەکانی لە کوردستان بەردەوامە و هەموو ڕۆژێک کەرەستەی نیزامیی بۆ کوردستان ڕەوانە دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە وتووێکدا باسی لەوە کرد، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بە بەتایبەت ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان چەکوچۆڵی قورس ڕەوانەی شارەکانی کوردستان دەکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و چالاکییەکانی ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان جیا لەوەی کە پایەگا کۆنەکان نۆژەن دەکەنەوە، بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش دەستیان بە دانانی پایەگە کردووە.

ڕۆژانە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان شایەتی ئەوەن کە ڕەوانەکردنی چەکی قورس لە لایەن ڕێکخراوی سپای پاسدارانەوە بۆ شاخ و شارەکانی کوردستانن.

فەرماندەیی هێزی پێشمـەرگەی کوردستان،  پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو ئەم هەوڵانەی سپای پاسداران نیشانەی "ترس" لە چالاکیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قووڵایی خاکی کوردستانه".

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنووەرکان دەکەن و هەروەها ڕێژیمی ئێران ماوە بە ماوه بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.