کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران کوژرانی ۲۱ تێرۆریستی خۆی لە سووریەدا پشتڕاست کردەوە

10:01 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی سپای پاسداران لە سووریەدا، ڕێژیم کوژرانی ۲۱ تێرۆریستی خۆی پشتڕاست کردەوە.

لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل، کە لە شەوی هەینی ۲۱ی بەفرانبار، مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێرانیان لە سووریە کردە ئامانج، ماڵپەڕەکانی سەربە ڕێژیم لە ڕۆژەکانی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانبار و هەینی ۲۸ی بەفرانبار، کوژرانی ۲۱ تێرۆریستیی هێزی "فاتمیونـ"ـی سەربە لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمیان پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی هەینی ۲۸ی بەفرانبار، ماڵپەڕی "باشگای هەواڵنێرانی جەوان (باشگاه خبرنگاران جوان)"، لە ڕاپۆرتێکدا کوژرانی یازدە (۱۱) تێرۆریستیی هێزی "فاتمیونـ"ـی سەربە هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانیان لە سووریەدا پشتڕاست کردەوە، هەروەها ڕۆژنامەی "کەیهانـ"ـی تاران، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانبار، کوژرانی دە (۱۰) تێرۆریستیی هێزی "فاتمیون"، کە چوار کەسیان سەربە هێزی ۹ی "بەدر"ی حەشدی شەعبی لە عێراق و کەسێکیش خەڵکی خۆراسانی ناوەندی بووە، پشتڕاست کردەوە.

هێزی فاتمیون، هێزێکی لقی قودسی سەربە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران و بەسیجییەکانی ڕێژیمی ئێران پێک هاتوون، کە ڕێژیم لەژێر ناوی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام، لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد لە پێناو مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریەدا، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی ئاژاوەگێڕانەیان دەکات.

شەوی هەینی ۲۱ی بەفرانبار، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای ئیسرائیل چەندین مۆڵگەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی دمشق پێتەختی وڵاتی سووریەیان کردە ئامانج و لە ئاکامدا وێرانکردنی ئەنبارێکی چەک و تەقەمەنی و کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیمیان لێ کەوتەوە، کە ڕێژیم کوژرانی ۲۱ کەسیانی پشتڕاست کردەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە دووسەد و پازدە (۲۱۵) جار لە سووریەدا مۆڵگەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج و جیا لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیم، زیانێکی زۆری سەربازیی بە ڕێژیم گەیاندووە.