کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گرووپێکی میلیشیایی پێک دێنێت

10:31 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بۆ کشانەوەی لە سووریە، ئەو ڕێژیمە درێژه بە دەستێوەردانەکانی خۆی دەدات و لە هەوڵ دایە گرووپێکی میلیشیایی لە سووریه دروست بکات.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه درێژەی هەیە و ئەو ڕێژیمە بەردەوام سیاسەتی ئاژاوەگێڕیی خۆی لە ناوچەدا درێژە پێدەدات و پەرە بە ناسەقامگیریی لە وڵاتانی ناوچەکە دەدات.

ئەگەرچی گرووپ و لایەنە نیزامییەکان لە  سووریەدا بەردەوام لە حاڵی شەڕ و پێکدادانن؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای دزەکردنی خۆی لە سووریەدا دەستی بە پێکهێنانی هێزێکی میلیشیایی لە باشووری سووریەدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٦٠ کەسی نیزامی لە ئۆردووگای "ئەللجاه" لە ڕیفی  دەرعا، بۆ ئەو مەبەسته لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوه.

لەو بارەیەوە "نەسر ئەلحەریری" سەرۆکی هەیئەتی دانوستانی دژبەرانی سووریە باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وڵاتانی ئامریکا، بریتانیا، فەرانسه، ئاڵمان، سعوودیە، میسر و ئۆردۆن لە پێتەختی بریتانیا هۆشداریم دا کە ڕێژیمی ئێران کەڵکاژۆ لەو دەرفەتە دەکات کە زیاتر پەرە بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریەدا بکات.

ناوبراو کۆمەڵێک زانیاریی وردی لەبارەی حزووری ئێران لە هەندێک ناوچەی سووریەدا بڵاو کردەوە کە ئەو ڕێژیمە لە هەوڵ دایه پایەگای نیزامی لە سووریەدا دابمەزرێنێت.