کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گوندەکانی کوردستان مێلیتاریزە دەکات

13:03 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا:  ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ترسی پێشمەرگە و بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان، هێزێکی زۆری لە ناوچەی شنۆ و دەوروبەری بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژێکە، هێزێکی زۆری سپای پاسداران پێکهاتوو لە جاش و چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیم لە نێوان گوندی حەسەن نووران و سەر ڕێگای پڕداوێ و سەرگیر، کەمینی بازڕەسیان داناوە و ماشینی خەڵک دەپشکنن.

هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە ناو گوندەکانی دەورەبەری شاری شنۆ دەوریان لێداوە و چاودێری خەڵکی ئەو گوندانەیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە ماڵپەڕی کورستان میدیای ڕاگەیاندبوو کە، ئەو هێزانە بۆ ماوەی دوو شەو لە سەر پایەگایەکی کۆنی ڕێژیم، کە لەسەر گردێک لە ڕۆژهەڵاتی گوندی حەسەن نوورانە کەمینییان دانابوو.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە بۆنە و مەراسمە حیزبییەکاندا، بەمەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک و شاردنەوەی ترسی خۆی لە هێزی پێشمەرگە، هێزێکی زۆر لە کوردستاندا بڵاو دەکاتەوە و بە مێلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان، بەبیری خۆی  پێی وایە دەتوانێت ڕێ لە بیری ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان بگرێت.