کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران یارانەی خەڵک دەبڕێت

18:42 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە لابردن و بڕینی یارانەی بنەماڵەکان لە ئێراندا وتوویەتی کە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا، دەوڵەت ئەرکدارە کە یارانەی سێ دەهەکی سەرەوەی کۆمەڵگا لاببات.

"محەممەد شەریعەتمەداری"، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران لە وڵامی ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە لابردنی یارانەی سێ دەهەکی سەرەوەی داهاتی کۆمەڵگا، ڕایگەیاندووە کە لە یاسای بودجەی پەسەندکراوی ئەمساڵدا دەوڵەت ئەرکدار کراوە بە لابردنی یارانەی ئەو چینە لە کۆمەڵگا، بە واتایەکی تر کەسانێک کە داهاتیان زۆر بێت، پێویستیان بە یارانە نییە و لێیان دەبڕدرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە دەوڵەت بەپێی دۆخی ئابووری و بەپێی گوشارێک کە بۆ سەر چینی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگا هەیە، دەبێ ئاستی هەڵە لە بڕینی یارانەکانی خەڵکدا کەم بکاتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ڕێژەی داهاتەکان نەکردووە کە دەبێ چەندە بێت کە یارانەیان لێ ببڕدرێت.

ناوبراو لەمبارەوە وتوویەتی کە لە ئایینامەی ئیجرائیدا، زۆرینەیەک بۆ داهات بە مەبەستی بڕینی یارانە دیاری نەکراوە و دیاریکردنی سێ دەهەکی سەرەوە تەنیا بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەکارهێنانی بنەماڵەکان کە ئەگەر ڕێژەی بەکارهێنان زۆر بێت، یارانەکانیان لێ دەبڕدرێت.

نالەباربوونی دۆخی ئابووریی ڕێژیم و نەبوونی نەختینەیی پێویست، وای کردووە کە بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر و بە هۆکارگەلی سەیروسەمەرەی وەک زۆربوونی بەکارهێنانی بنەماڵەکان یارانە لە خەڵک ببڕن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هەبوونی یارانەشەوە خەڵک لە دژوارترین دۆخی ئابووریدا دەژین.