کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ئیسرائیل لە نێو دەبات

11:45 - 23 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ جارێکی دیکە لە دەنگ و ڕەنگ و میدیاکانی خۆیدا بە فەرمی لە ڤیدئۆیەکدا، باسی لە هێرشکردن و لەنێوبردنی ئیسرائیلی کردووە و لە ڤیدئۆی "٧ خولەک هەتا تلافیڤ" باس لە چۆنیەتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ جارێکی دیکە  لە ڤیدئۆیەکدا لە کاناڵی یەکی دەنگی و ڕەنگی ڕێژیم، کە به کاناڵی "میللی" ناودێر کراوە، چۆنیەتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە و وەکوو پڕۆپاگەندەیەک دژی ئیسرائیل لە میدیاکانی خۆیدا بڵاوی دەکاتەوە.

گرته ڤیدئۆیی ""٧ خولەک هەتا تلافیڤ" باس لەوە دەکات، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مووشەکەکانی خۆی سەرجەم شوێنە حکوومەتییەکانی ئیسرائیل وەک: "مەجلیسی ئیسرائیل، وێستگەی ناوکی، کەناراوی حیفا، بۆرجە گرینگەکانی ئیسرائیل" و چەندین شوێنی دیکە مووشەکباران دەکات.

لەو ڤیدئۆیەدا قسەکانی عەلی خامنەیی  ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بڵاو بووەتەوە، کە ناوبراو جەخت دەکاتەوە حەیفا و تلافیڤ لە نێو دەبەن.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڤیدئۆیەکدا لەژێر ناوی "عاشق مبارزە" که لە لایەن دامەزراوەی تەبلیغاتیی "ئەوج"، بەرهەم هاتبوو، چۆنیەتی هێرش و لەشکرکشی بۆ سەر ئیسرائیل بڵاو کرابوویەوە.

دامەزارەی تەبلیغاتیی "ئەوج"، هەروەها پۆستێرێکی بە دروشمی "قلب ما را قبلەای" بڵاو کردبووە، کە وێنەیەک لە شاری ئورشەلیم (بەیتولموقەدەس) و چواردەوری ئورشەلیم بە ئاڵای ڕێژیمی ئێران، یەمەن، فلستین، عێراق و حیزبوڵڵا نەخشێندراوە.

کارناسانی سیاسی لە بارەی ئەم ڤیدئۆیە باسیان لەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ڤیدئۆیانە لە ئێستادا شتێکی مانادارە، چونکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەیەکە بە جیددی هەڕەشەی هیرشی نیزامی بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.

ڕۆژی ڕابردوو، "بێنامین نتانیاهۆ" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد ئەمنییەتی خاکی ئیسرائیل بۆ ئێمە هێڵی سوورە و هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا و وتوویەتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئەم هێلە سوورە ببەزێنێت، هێرش دەکەینە سەر ناوەندە گرنگەکانی لە نێو خاکی ئێراندا.