کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژێمی ئێران: بە ڕێککەوتنی بەرجام پێبەند نامێنین

12:55 - 15 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وتەبیژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، بۆ جارێکی دیکە هۆشداریی دا کە لە ئەگەری هەڵنەگرتنی گەمارۆکان لە دژی ئێران، هەنگاوی دواتر بۆ پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجام لە ڕێگادایە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەزبەر،''بێهرووز کەماڵوەندی''، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: "بۆ ئەوەی کە  گوشار بخەینە سەر ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی، هەنگاوی دیکە بۆ کەمکردنەوەی پێبەندی بە بەڵێنییەکانی بەرجام هەڵدەگرین".

ناوبراو زیادیشی کرد کە چیدیکە ڕێژیمی ئێران ناتوانێت ئەم کێشە ئابوورییەی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە بۆ هاتووەتەپێش تەحەمول بکات، بۆیە بەم زووانە لە بەڵێنییەکانی بەرجام، هەنگاو بە هەنگاو دەکشێتەوە.

پێشتریش،''عەباس عەراقچی"، جێگری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو: ''ئەگەری هەیە کەمکردنەوەی بەڵێنییەکان ببێتە هۆی کۆتاییپێهێنان بە مانەوەی ئێمە لە بەرجامدا".

ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجام، ئەو ڕێککەوتننامەیەی پێشێل کردووە، بەڵام نکۆڵیی لەو بابەتە دەکرد، کەچی ئێستا بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمە، باس لە ئەگەری هاتنە دەرەوە لە بەرجام دەکەن و ئاستی پیتاندنیان لە ڕێژەی دیاریکراو تێپەڕاندووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش، یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی ڕێژیمی ئێران لە بەرجام هۆشداریی بەو ڕێژیمە دا کە ئەگەر لە بەرجام زیاتر بکشێتەوە، ئێمەش چارەیەکمان نییە جیا لەوەیکە لە بەرجام بکشێینەوە.