کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی بێکارانی خوێندکار لە ئێراندا سێ بەرابەری بێکارانی نەخوێندەوارە

18:12 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە ٤٢ لەسەدی خوێندکاران لە ئێراندا بێکارن.

ڕەسول خزری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژیکدا لەگەڵ یەکێک لە رۆژنامەکانی نێوخۆی ڕێژیم، هۆشداری لەبارەی بەرزی ئاستی ڕێژەی بێکاری دەرچوانی زانکۆ داوە و ڕایگەیاندووە: کە ڕێژەی بێکاری دەرچوانی زانکۆ، سێ بەرابەری ئاستی بێکارانی نەخوێندەوارە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ٤٢ لەسەدی خوێندکاران لە ئێراندا بێکارن و ئەم ئامارە لە مێژووی ئێراندا بێ وێنە بووە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی گرفتەکانی لاوان ئاماژەی بەوە داوە، کە ١٣ ملیۆن لاو تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان تێپەڕ بووە، کە بووەتە هۆی زۆربوونی دڵەڕاوکێ، ڕاڕای، توڕەیی، بێ هیوایی، خەمۆکی و لە کۆتاییدا هەڵاتن لە ئێراندا.

هەروەها ناوبراو، باسی لە دەرچوانی زانکۆکان کردووە کە سەرەڕای تێچووی زۆر بۆ خوێندن، شاڕەزایی تەواویان لە ڕشتەی خوێندنیاندا نییە و دوای تەواو کردنی زانکۆ ئامادەیی وەرگرتنی کاریان نییە ئەمە بەهۆی دابەزینی ئاستی زانستی و متمانەی زانکۆەکانی ئێرانەوەیە.

بە گشتی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی زانیاری، زانستی خوێندنگاو زانکۆکان  و بە تایبەتی جەوی ڕووناکبیری زانکۆکانە، لە لایەکی دیکەشەوە لە دروستکردنی هەلی کار بۆ خوێندکاران ڕێژیم کەمترین هەوڵ دەدات و کۆمەڵگای خوێندکاری ئێران خۆیان لەناو جەوی حاکم لە ئێراندا نابیننەوە و لە کۆتایدا زۆرینەیان وڵات بەجێ دەهێلێن.