کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکان بەرزتر بووەتەوە

17:44 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەکاربەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن و ئێعتیادیش وەکوو گرفتێکی کۆمەڵایەتی، بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

"ئەسکەندەر مۆئمێنی"، بەرپرسی بەناو ناوەندی  بەرنگاربوونە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان، لە دانیشتنێکدا باسی لەوە کردووە کە نزیکەی ١٠٠ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر کە بە شێوەی ئاشکرا لە شوێنە گشتییەکاندا خەریکی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرن، بوونی هەیە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٤ ملیۆن تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بوونی هەیە کە لەم ڕێژەیە ٣ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی بەردەوام ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن و یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش بۆ سەرگەرمی کەڵکی لێ وەردەگرن.

تەمەنی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان لە نێوان ١٥ هەتا ٦٥ ساڵە و بەپێی ئەم ئامارە نزیک بە ٥ لەسەدی کۆمەڵگا گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت لە نێوان لاوانی ئەو وڵاتەدا، ساڵانە ئامارێکی بەرچاو تۆمار دەکرێت، ڕێژیمی ئێرانیش هیچ بایەخێک بە چارەسەریی ئەو دیاردە مەترسیدارەیە نادات.