کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە سەرووی ٧٨%ە

12:01 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ئابووریناسێکی بەناوبانگی جیهانی نرخی هەڵاوسانی ئێرانی لە سەرووی ٧٨% بەراورد کردووە.

"ستێڤ هەنک" ئابووریناسی بەناوبانگی ئامریکایی و مامۆستای زانکۆی جان هاپکینز لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا هەنووکە زیاتر لە ٧٨%ە کە ئەم نرخە ١٠ قات زیاترە لەو ڕێژەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە.

هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەخدینەیی و داتەپین لە کەرتی بەرهەمهێناندا کە یەکەم دەرەنجامی بریتی دەبێت لە خەسارگەیاندن بە چینە کەم‌داهاتەکان و هەژارترکردنی ئەم توێژە و لە بەرامبەریشدا قازانج‌گەیاندن بە چینی پڕداهات و دەوڵەمەندتر بوونی دەوڵەمەندەکان؛ ئەمەش بەواتای بەرینتربوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە ئێران دێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی سندوقی نێونەتەوەیی دراو وڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا پلەی یەکەمی هەڵاوسانی هەیە و لە ئاستی جیهانیشدا پلەی دووهەم واتە لە پاش زیمبابوێ بەرزترین نرخی هەڵاوسان هی ئێرانە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و بێکاری زیاتر.

چالاکانی ئابووریی و بازاڕییان لە ئێران پێیان وایە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوام هەڵکشانی نرخی هەڵاوسان بریتییە لە سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەت لەهەمبەر کەتوارەکانی نێو بیاڤی ئابووری، بەو واتایە کە دەوڵەت کەتوارەکانی کۆمەڵگە وەک خۆی نابینێت و تەنیا بەپێی بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەن سیاسەت دەکات کە ئەمەش خەسار وە کەرتی تایبەت و خەڵکی بێدەرەتان دەگەیەنێت.