کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ژنان و مێرمنداڵانی تووشبوو به ئەیدز ڕووی لە هەڵکشانە

15:23 - 24 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەیدزی ڕێژیمی ئێران، ڕەخنەی توندی لە نکۆڵیکردنی بەرپرسانی پەروەردە له هەڵکشانی ئاماری قوتابییانی تووشبوو به نەخۆشیی ئەیدز گرت.

مینوو موحرێز، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەیدزی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"دا ڕایگەیاندووە: بەداخەوە ئاماری ئەیدز لە نێوان مێرمنداڵاندا، لە حاڵی هەڵکشاندایە و بەرپرسانی بەشە پەروەردەییەکان پێیان خۆشە، بێدەنگی ڕابگرن و ئەم بابەتە بشارنەوە، که زۆریش هەستیارە.

ناوبراو سەبارەت به هۆکارەکانی چوونەسەرەوەی ١٠ قاتیی نەخۆشیی ئەیدز لە نێوان ژناندا ڕایگەیاندووە: بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بێهداشت، تا ماوەیەکی پێش ئێستا، ٩٧ لەسەدی تووشبووان به ئەیدز پیاوان بوون و تەنیا ٣ لەسەدیان ژن بوون، بەڵام ئێستا ئاماری ژنان زیاتر بووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ  زۆربوونەوەی پێوەندییە جنسییەکان لە نێو ژناندا دەگەڕێتەوە.

موحرێز، سەرەڕای ئەوەی کە باسی لە نەبوونی زانیاری سەبارەت به پێوەندییە جنسییەکان لە نێوان ژنان و پیاواندا کردووە، وتوویەتی: بەداخەوە پەروەردەی تایبەتمان لەم بارەوە نییە و ژنان و پیاوانی ئێرانمان فێری پێوەندی گرتنی دروست نەکردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی که ئەم پێوەندییانە له چوونەسەرەوەی نەخۆشیی ئەیدزدا کاریگەر بن.

ناوبراو باسی لە بێدەنگیی بەرپرسان کردووە و ڕایگەیاندووە: که هەندێ کەس لەسەر ئەو بڕوایەن، کە بەخشینی زانیاری به مێرمنداڵان لەم بوارەدا، شتی خراپی لێ دەکەوێتەوە و بە دوای خۆیدا کێشە دێنێت؛ کە ئەم نەزانین و لە خواربوونەی ئاستی وشیاری و ئاگایییە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ مێرمنداڵەکان.

مینو موحرێز، پێشتریش به پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوانەی که سەبارەت به تووشبوونی منداڵانی سەرشەقام  بە نەخۆشیی ئەیدز کرابوو، ڕایگەیاندبوو: دەسدرێژیی جنسی بۆ سەر منداڵانی سەرشەقام به کوڕ و کچەوە، گرینگترین هۆکاری تووشبوونی ئەم منداڵانە به نەخۆشیی ئەیدزە؛ به وتەی ناوبراو، زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی منداڵانی سەر شەقام به نەخۆشیی ئەیدز، لە نێوان تەمەنەکانی ١٠ تا ١٨ ساڵدایە.