کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کتێبی چاپکراوی کوردی لە ئێراندا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە

16:14 - 2 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەی کتێبە چاپکراوەکان بە زمانە غەیرە فارسییەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمە.

بەپێی نوێترین ئاماری بڵاوکراوە، لەبارەی ڕێژەی کتێبە چاپکراوەکان بە زمانی نەتەوەکانی ئێران، ئاماری کتێبی چاپکراو بە زمانی نەتەوەکانی ئێران یان زۆر کەمە یاخود هەر نییە.

ئەم ئامارە بڵاوکراوە بەم چەشنەیە: " فارسی ٩٢.١٣ لەسەد، عەرەبی ٦.٥٧ لەسەد، تورکی ٠.٣١ لەسەد، کوردی ٠.١٢٨ لەسەد، لوڕی ٠.٠٠٣ لەسەد و بەلووچی ٠ لەسەد".

بوونی بەربەستگەلێکی وەک سانسۆر، ئیجازەی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد بۆ بڵاوکردنەوە و نەبوونی سپۆنسەر و بودجەی پێویست بۆ چاپکردنی کتێبەکان و هەروەها هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ تواندنەوەی زمانی نەتەوەکانی ئەو جوغرافیایەی پێی دەوترێت ئێران، لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم نووسەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە.

لەمبارەوە چالاکێکی فەرهەنگی لە شاری سنە، بە هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند: "خانای قوبادی لە وڵامی شاعیرێکی فارس کە وەسفی زمانی فارسی دەکات و زمانی کوردی تەحقیر دەکات، بە دێڕە شێعرێک وەڵامی دەداتەوە کە زمانی کوردی لە زمانی فارسی شیرینترە... یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ناسیۆناڵیستی کوردی تەنیا لە حاڵەتی دیفاعیدایە و ئەمە بە یەکێک لە کێشە ئەسڵییەکانی ناسیۆناڵیزمی کورد دەزانم. ئەم جەریانە ڕیشەی لە ئەندێشە و بیرکردنەوەی فارسی و ئێرانییەوە هەیە کە بەردەوام هەوڵی داوە نەتەوەکانی دیکە لەژێر پێیدا بشێلێت".

هەروەها لەبارەی چۆنیەتیی هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نووسەرانی کورد لەگەڵ سیاسەتی پێشگرتن بە چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێب و بڵاوکراوە کوردییەکان ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئەوەی نووسەران لە  سانسۆر و ڕێگریکردن پارێزراو بن، دەتوانن بە شێوەی PDF بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە".