کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کەمیی بودجەی دەوڵەت بەردەوام گەشەی کردووە

12:30 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی کەمیی بودجەی دەوڵەت گەشەی ٣٢%ی ئەزموون کردووە، بەو واتایە کە بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ٣٢% کەمیی بودجەی دەوڵەت زیاتر بووە.

بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزدا ڕاپۆرتێکی لەسەر داهات و تێچووەکانی دەوڵەت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە: داهاتەکانی دەوڵەت ١٢%، تێچووەکان ٢٢% و کەمیی بودجەش بەبەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو، ٣٢% گەشەی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە داهاتەکان لەم ماوەیەدا بریتی بووە لە ٦٣ هەزار میلیارد تمەن بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی تێچووەکان لە ١٣١هەزار میلیارد تمەن زیاتر بووە کە بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ٢٢% زیادی کردووە.

هاوکات داهاتی فرۆشی نەوت و گاز لە  ٣٧ هەزار میلیاردەوە بۆ ٣٥ هەزار میلیارد کەمی کردووە و لە بەشی داهاتی ماڵیاتیشدا بەهۆی داتەپینی کەرتی بەرهەمهێنان و سەنعەت بەبەراورد لەگەڵ ڕێژەی پەسندکراوی شەش مانگە ٧٠% کەمی کردووە.

کەمیی بودجە یەکێک لە گەورەقەیرانەکانی ڕێژیمە کە هاوتەنیشت لەگەڵ قەیرانەکانی وەک ژینگە، ئاو، بەڕێوەبەری و بێکاری بارودۆخێکی بەسەر ئێراندا هێناوە کە دوورەدیمەنێکی تەماوی بۆ چاوەڕوان دەکرێت.