کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی گوندنشینان بەردەوام کەم دەکات

11:07 - 6 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هەر٥ساڵ جارێک ٧٠٠ هەزار کەس لە گوندەکانی ئێرانەوە بەهۆی بارودۆخی سەخت و دژواری ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاری بەرەو شارەکان کۆچ دەکەن.

هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی، ئیرنا لە ئینفۆگرافیکێکدا ئاوڕی لە دۆخی شپڕێوی ژیان لە گوند و دێهاتەکان لە ئێران داوەتەوە و تێیدا باسی لە زۆربوونی بەردەوامی ڕێژەی کۆچ کردنەکان لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان کردووە.

لەم ئینفۆگرافیکەدا هاتووە لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوییەوە تاکوو ئێستا ١٩ میلیۆن کەس لە گوندەکانەوە کۆچیان کردووە و هەنووکە زیاتر لە ٣٠ هەزار گوندی چۆڵمان هەیە کە هیچ کەس تێیاندا ناژی.

بەپێی ئەم ئینفۆگرافییە بەشێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچی گوندنشینان بریتییە لە نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ کاری کشتوکاڵ و باخداری بەشێوەی ئەمڕۆیی، بەردەوام بوون لەسەر شێوازە نەریتییەکان کە داهاتەکەی گەلێک کەمترە لە شێوازە نوێیەکان، نەبوونی سەرمایە و کار، نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانێکی لەبار بۆ گوندەکان و ئاشنایی لەگەڵ ژیانی شار و چوونەسەری ئاستی چاوەڕوانییەکان.

وەک لە ئینفۆگرافییەکەدا دەردەکەوێت ئەم دیاردە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەرهەمە ستراتێژیکەکانی وەک گەنم و دانەوێڵەکانی تر، کەمبوونەوەی خەڵکی چالاک، درووست بوونی کێشە لە بازنەی ئابووریی وڵات.