کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی تۆمارە کەسییەکان پێش بە ناوە کوردییەکان دەگرێت

16:59 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تۆمارە کەسییەکان، چەند ساڵێکە مۆڵەتی ناونانی منداڵان بە هەندێ ناو نادات، کە نێوەرۆکی بێڕێزیکەرانەیان هەیە، بەڵام پێش بە ناوانەش دەگیردرێت کە پێوەندییان بە نەتەوە جیاوازەکانەوە هەیە و کەمتر بیستراون.

ساڵانێکە کە ئەم ڕێکخراوەیە لە شارەکانی کوردستاندا پێش بە ناونانی منداڵان بە ناوە کوردییەکان دەگرێت.

ئەم ڕێکخراوەیە بەپێی لیستێکی ئامادەکراو پێش بە ناونانی منداڵان دەگرێت و هەندێ جار ئەو ناوانەش کە زۆر کەمن و لە نێو لیستەکەدا بوونیان نییە، لە لایەن ئەم شوێنەوە بە شێوەی دڵخواز تۆمار دەکرێن.

لە زۆربەی کاتدا، پاش ڕەتکردنەوەی چەند جارێ داخوازیی بنەماڵەکان، ناوەکە بۆ ڕێکخراوی تۆمارە کەسییەکان لە تاراندا دەنێردرێن و لە ئەگەری قەبووڵکردندا بە شێوەی ناوی دووبڕگەیی و لەگەڵ ناوێکی وەکوو محەممەد و زەهرا یان ناوە دینییەکانی تردا تۆمار دەکرێت.

ماڵپەڕی " تحلیل عصر ایران" لە ڤیدئۆیەکدا، دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی هەندێ ناوی بێواتای وەک: ئافەت، پەنیر، شەفتالوو، لوولە، گۆشنە، فەرا ، گورگ ئاقا و هەندێ ناوی دیکە  کە لە لایەن بنەماڵەکانەوە دیاری کراون.

ماڵپەڕی تەحلیلی عەسری ئێران، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە هەوڵی ڕێکخراوی تۆمارە کەسییەکان سەبارەت بە ناونان لە ڕێگەی داهێنانی کۆمیتەی ناوەوە کردووە و ڕەخنەی لە دڵخوازبوونی کاری ئەم ڕێکخراوەیە کردووە، چونکه ئەم کۆمیتەیە توانایی ناسینی هەموو ئەو ناوانەی نییە کە پێوەندییان بە فەرهەنگ و دۆخی جوگرافیاییی ناوچە جیاوازەکانەوە هەیە، هەتا بتوانێ هەڵبژاردنێکی دروستی هەبێ.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ڕێکخراوەیە لە پێناو سیاسەتەکانی تەفریس و تەعریبی نەتەوەی کورددا، دژایەتی لەگەڵ ناونانی ناوگەلێکی دیکە جگە لە ناوی کوردی ناکات.