کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ڕێگای خستە بەردەم حووسییەکانەوە

11:56 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، داوای لە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە یان لە حەدیدە بڕۆنە دەرەوە، یان خۆیان بۆ شکستێکی قورس ئامادە بکەن.

مارتن گریفیتس، نێردراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، ڕۆژی یەکشممە ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاستای کۆتاییهاتن بە قەیرانی یەمەن، داوای لە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران کردووە، هەتا بەخێرایی شار و بەندەری حەدیدە چۆڵ بکەن.

ناوبراو دوو ڕێگای لە بەردەم حووسییەکاندا داناوە، کە یا بە تەواوەتی شار و بەندەری حەدیدە چۆڵ بکەن، یان بەرەوڕووی هێرشێکی قورسی ئەرتەشی یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی دەبنەوە.

گریفیتس ڕای گەیاندووە، کە شەڕی حەدیدە شەڕێکی چارەنووسسازە و پێشبینی ئەوەی کردووە، کە لەو شەڕەدا ئەرتەشی یەمەن بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، میلیشیاکانی حووسی تێکدەشکێنێت.

بەندەری حەدیدە خاڵێکی ستراتیژیک و گرینگە، حووسییەکان لە ڕێگای ئەم بەندەرەوە یارمەتی و چەکۆچۆڵەکانیان پێ دەگات.

پێشتر سەرهەنگ تۆرکی مالکی، وتەبێژی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بۆ شەڕی یەمەن، ڕێژیمی تارانی بەوە تۆمەتبار کردبوو، کە لە ڕێگای بەندەری حەدیدەوە یارمەتیی ماڵی، چەکوچۆڵ و مووشەکەکانی بە دەستی حووسییەکان دەگەیەنێت.