کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا گرت

11:11 - 25 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ڕەخنەی لە نالەباربوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا گرت.

لەم بڕیارنامەیەدا، بە ئاماژە بە ڕاپۆرتەکانی بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ، باس لە زیادبوونی سەرکوتی ناڕازییان، ڕۆژنامەوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم بڕیارنامەیەدا کە بە ٨٥ دەنگی ئەرێنی پەسەند کراوە، لە هەمبەر زیادبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدرانی کەسانێک کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ئاستی یاسایی نیگەرانی دەربڕیوە.

ئەشکەنجەی زیندانییان، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، هەڕەشەکردن لە چالاکانی مافی مرۆڤ و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لەو خاڵانەن، کە لەم بڕیارنامەیەدا ئاماژەیان پێ کراوە ؛ ئەمانە نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ئەژمار دێن.

ئەم کۆمیتەیە لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها ئاماژەی بە هەڵاواردن بەرانبەر بە ژنان و کەمینەکانیشی کردووە.