کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنە شاراوەکەی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لەسەر گەمارۆوە نەوتییەکان ئاشکرا کرا

11:18 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە بۆ دەورلێدانی گەمارۆوە نەوتییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێککەوتنێکی شاراوەیان واژۆ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، بەڵگەیەکی ئاشکرا کردووە، کە بڕیارە ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران نەوتی ئێران لە ڕێگای دەریای خەزەرەوە بۆ ڕووسیە بنێرن و لەوێیەوە پاڵاوتە بکرێت و وەکوو نەوتی ڕووسیە بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە بکرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، ئەم ڕێککەوتنە لە مانگی داهاتووەوە کە خولی دووهەمی گەمارۆوە نەوتییەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران دەست پێ دەکات، جێبەجێ و کردەیی دەکرێت.

لەم ڕۆژنامەیە باس لەوە کراوە، کە ئەم ڕێککەوتنە لە مانگی ڕابردوودا، کە سەرکۆمارەکانی تورکیە و ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لە تاران کۆ بوونەوە واژۆ کراوە.

لەم بەڵگە نهێنییە کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هاتووە، وڵاتانی ئورووپایی کە لە بەرجام ماوەنەتەوە، ڕێگە بە نەوتی ئێران دەدەن کە بۆ وڵاتانی ئاسیایی هەناردە بکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری داوە، کە هاوکارییەکانی تاران و مسکۆ تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا نییە، بەڵکوو ئەم هاوکارییە کاردانەوەی زۆر بەرینتر لە خۆ دەگرێت.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئسپۆتنیکی ڕووسیش هاتووە، نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لەسەر مامەڵەی کاڵا لەگەڵ کاڵا وتووێژیان کردووە و بڕیارە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ڕووسیەوە نەوت بۆ ئورووپا هەناردە بکات و لە بەرانبەردا شتومەک و خزمەتگوازیی پێویست لەو وڵاتانە وەربگرێت.

وڵاتی ئێران لە باری پاشکەوتی نەوت لە جیهاندا چوارەم وڵات و لە بواری گازدا دووهەم وڵاتە، بەڵام بە هۆی سیاسەتە پاوانخوازانە و هەڵەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی کە بەڕێوبەریی وڵاتیان لەگەڵ مزگەوت و حوسێنییە بە هەڵە گرتووە، دەبێت خەڵکەکە لە چاوەڕوانی و لارەملیی وڵاتانێک بژین، کە دەیان وڵاتیان بە قەد ئێران سامانی سەرزەوینی و ژێزەوینییان نییە.