کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزبەرێکی تر

18:29 - 31 خەرمانان 2719

کەریم پەرویزی

تۆ زمانەکەت بەکەڵک نایەت، دایک و باوکت زۆر دواکەوتوون و مێشکیان پووچەڵە بۆیە نەیانتوانیوە و حەزیان لێ نەبووە کە زمانێکی شیرین و ئەمڕۆییت فێر کەن و بە زمانی شیرینی فارسی قسە بکەی. بۆیە مرۆڤێکی تەواو نیت و لە منداڵە دەرجە سێیەم و چوارەمەکانی کە دەبێ کارت لەسەر بکرێ تاکوو وردە وردە لە مرۆڤ نزیک بکرێیتەوە.

ئەمە پەیامی روون و ئاشکرای گەڵاڵەی رێژیمی کۆلۆنیالیستی فاشیستیی تارانە کە لە ژێر ناوی بارهێنانی منداڵان بە زمانی فارسیدا، دەیهەوێ کوشتارگای فەرهەنگ و کەلتوور و زمان وەڕێ بخا. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە منداڵانی نەتەوە غەیرە فارسەکان کە وەکوو مرۆڤی ناتەواو و دواکەوتوو سەیریان دەکەن، پێش لە ساڵی خوێندنی قوتابخانە تاقیکارییەکی زمانی فارسییان لە سەر ئەنجام دەدەن وگەر فارسیەکەیان زۆر شیرین نەبوو، ئەوکات دەیانبەنە بنکەی پێش قوتابخانە تاکوو تاڵیی زمانی دایکییان لێ دوور بکەنەوە و شیلە و هەنگوێنی فارسییان لە زار بکەن.

قوتابخانە لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە، هەر لە قوتابخانەکەی سوقراتەوە تاکوو ئێستا، شوێنێک بووە تاکوو زانست و زانایی فێری مرۆڤەکان بکا. سیستمی پەروەردەی دونیای ئازاد کە مرۆڤ لەوێدا نرخی هەیە، بۆ گەشەکردنی مرۆڤەکان و بۆ بارهێنانی نەوەی داهاتووە تاکوو ژیان لای کۆمەڵگا چەقبەستوو نەبێ و گەشە بکا.

بەڵام لە سیستمی کۆلۆنیالیستیی ویلایەتی فەقیهیدا کە لە هزری شۆڤێنیستیدا درێژکراوەی  فکری رەزاخانی میرپەنجە، قوتابخانە وەکوو قەسابخانە چاوی لێ دەکرێ.

ئەم سیستمە فاشیستییە دەسپێکی ساڵی خوێندن دەکا بە دەسپێکی وەرزی زیندان و ئەشکەنجە و کوشتار. منداڵێک کە چەند ساڵ لە نێو بنەماڵەکەیدا بە زمانی کوردی یان عەرەبی یان بەلووچی یان تورکی ئازەری و یان تورکەمەنی بار هاتووە و گوێ و مێشکی بەو زمانە راهاتووە و پەروەردە کراوە، دەیبەنە شوێنێک کە لە ناکاودا پێی دەڵێ تۆ دەبێ زمانت ببڕدرێ و دەنگێکی نەشاز بەگوێیدا دەخوێندرێ.

رەزبەر و سەرەتای پاییز کە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە ئێراندا، دەبێ بۆ منداڵان شیرینترین وەرز و خۆشترین رۆژ بێ ، تاکوو بەوپەڕی خۆشی و حەزەوە بەرەوە قوتابخانە بڕۆن و چوونکە قوتابخانە بنکەیەکی دوور لە بنەماڵەکەیە و لە نازو خۆشەویستیی بنەماڵە دوور دەکەوێتەوە و دەبێ قوتابخانە ئەو ناز و پێڕاگەیشتنەی بۆ قەرەبوو بکاتەوە، تاکوو باشتر وانەکانی وەر بگرێ، بەڵام لە ئێرانی ژێردەستی بیری فاشیستیدا قوتابخانە، وەکوو زیندن وایە و لەوەش خراپتر بەتەواوی دەیانهەوێ بیکەن بە قەسابخانە.

ئەمە کوشتارێکی بەکۆمەڵی فەرهەنگییە کە نەک زمان و ناسنامە دەسڕێتەوە، بەڵکوو بەوشێوە هەڵسوکەوتە دەیهەوێ منداڵانی نەتەوە بندەستەکان بێزار بن لە پڕۆسەی خوێندن و لەباری خوێندەواریی نەوەی داهاتووشەوە دواکەوتوو بن و لەراستیدا سیستمی خوێندن لە ئێراندا بۆتە رەگەزپەرەستییەکی رووت و دڕندانە.